زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆى قەتەر هەنگاو بەرەو واژۆکردنى ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەش دەنێن
لە بەردەوامى دیدار و کۆبونەوە زانستیەکانى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبونەوەیەکى دیکەى لەگەڵ دکتۆر عومەر محمد ئەنسارى سەرۆکى زانکۆى قەتەر ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە بوارە جیاوازەکان و چۆنیەتى گەشەسەندنى پێشکەش بە سەرۆکى زانکۆى قەتەر کرد، لە هەمان کاتدا بانگهێشتى کرد بۆ هەرێمى کوردستان و زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوانیان.
لە تەوەڕیکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، هەردوو لا گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى هەماهەنگى و هاوکارى زانستى نێوان هەردوو زانکۆکە کرد بەتایبەت لە ئاڵوگۆڕى فێرخوازان و ستافى زانستى و، ئەنجامدانى کۆنفرانس و سمینار و دیدارى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و، چەند بابەتێکى دیکەى زانستى، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین بیروڕاى جیاوازیان ئاڵوگۆڕ کرد.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و سەرۆکى زانکۆى قەتەر ڕێککەوتن لە چوارچێوەى واژۆکردنى ڕێککەوتنامەیەکى هاوبەش پەیوەندییە زانستیەکانى نێوانیان و نەخشەڕێی پێکەوە کارکردنیان دیارى بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژانى داهاتودا گفتوگۆى زیاتر لەبارەى ڕەشنوسى ڕێککەوتنامەى نێوانیان دەکەن.