زانکۆى جیهان-هەولێر پڕۆژەیەکى خێرخوازى خۆبەخشى گەورە ڕادەگەێنێت
بەئامانجى سوود وەرگرتن لە تواناى زانستى ستافى زانکۆ و، خزمەت کردن بەچین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە بەتایبەت ئەوانەى پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارى و پاڵپشتى هەیە، سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر پڕۆژەیەکى گرنگى ڕاگەیاند.
لەو چوارچێوەیەدا، دواى نیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٥/٤/٢١) لە میانەى کۆبونەوەیەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد صابر دلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر لە هۆڵى (VIP) لە زانکۆى جیهان بەڕێوەچوو، دواى بەخێرهێنانى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان و ستافى زانستى بەشەکان و ئامادەبووان، بەگرنگیەوە باسى لە کارى خێرخوازى و خۆبەخشى کرد و ڕایگەیاند: زانکۆ وەک ناوەندێکى گرنگى زانستى لەپاڵ بەخشینى زانست و مەعریفە بەفێرخوازان، لەهەمان کاتدا دەتوانێ ڕۆڵێکى گرنگ بگێڕێ لە چاندنى ڕوحى خۆبەخشى و کارى خێرخوازى لە نێو فێرخوازان و ببێتە پێشەنگى کۆمەڵگە بۆ خزمەتکردن بەچین و توێژە جیاکان، چونکە زانکۆ خاوەن توانایەکى زانستى گەورەیە.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ستایشی ژمارەیەک لەبەشەکانی زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد، کە لە ماوەى ڕابردودا لە ڕێگەى جێبەجێکردنى چەندین پڕۆژەی خێرخوازی جۆراوجۆری هاوکار و هەماهەنگى چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە بون بەتایبەت لە کردنەوەى خولی زمانی ئینگلیزی بەخۆڕایی و کۆرسەکانی کارامەیی کۆمپیوتەر و هەروەها خولەکانی زمانی ئینگلیزی بۆ فێرخوازانى قۆناخى یەکەم، ئەوە جگە لە بەشداریکردنى زانکۆى جیهان-هەولێر لە چەندین هەڵمەتی خوێن بەخشین و دابەشکردنی یارمەتی بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیانە بەهاوکارییە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، لەسەر ئەو ڕاستیانەى کە ئاماژەیان پێدرا، وتی: لەسەر بنەمای بیرۆکەی وەبەرهێنانی زانین و توانا زانستییەکانی بەردەست دکتۆر نوزاد یەحیا باجگر بیرۆکەی دامەزراندنی پڕۆژەیەکى خێرخوازیی بەناونیشانی “زەکاتی زانست و مەعریفە” گەڵاڵە کردوە و، ئەمڕۆ لێرەدا ناوەڕۆکەکەى بڵاودەکەینەوە.
بۆ ئەو مەبەستە، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان کورتەیەکى لەسەر گرنگى زانکۆ لە کۆمەڵگە خستەڕوو، پاشان باسى لە بابەخى توانا و لێهاتووى مامۆستایانى زانکۆ لە پێشخستنى کۆمەڵگە لە بوارە جیاکان و بیرۆکەکەى کرد و ڕایگەیاند: گرنگ و پێویستە هەموو مرۆڤێکى زانستخواز زانیاری و مەعریفەی خۆی بخاتە خزمەت کۆمەڵگە، وتیشى داهێنان و وەبەرهێنان لە هەموو جۆرەکانی تەکنەلۆجیای مۆدێرن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە بەردەستە، هەربۆیە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە کاری خێرخوازی لەناو دامەزراوە جیاکاندا ڕێکخراوە بێت و، زانکۆش ڕۆڵی گرنگى لەدابینکردنی کار و پڕۆژەى خێرخوازی بەتایبەت خێرخوازى لە بوارى زانستیدا هەبێ، ئەوەش لەڕێگەی دابینکردن و پێشکەشکردنى زانست و زانیاری بە سەرجەمی چین و توێژەکانى کۆمەڵگە، بۆ ئەوەش دکتۆر نوزاد یەحیا باجگر سوپاسی سەرجەم ئەندامانی ستافى زانستى زانکۆى کرد بۆ ئەو کارە خێرخوازیە جۆراوجۆرانەى لە ڕابردودا بەڕێگەى جیاواز پێشکەشى کۆمەڵگەیان کردوە.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان ڕوو لە ئامادەبووانى کۆبونەوەکە ڕایگەیاند: گەڵاڵەکردنى بیرۆکەى پڕۆژەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ کارە خێرخوازییەکانى دامەزراوەى پەروەردەیی زانکۆی جیهان، چونکە ئەم دامەزراوەیە مەبەستییەتی کەلتووری خۆبەخشیی بخاتە خزمەتی کۆمەڵگە، هەروەها پڕۆژەکە یارمەتی ئەو تاکانە دەدات کە دەخوازن ئاستی خوێندن و گوزەرانیان پەرە پێبدەن، زانکۆش لێهاتوویی پیشەیی و تەکنیکی و پیشەیی وهەلی خوێندنیان بۆ دەڕخسێنێ، لە پێناو بونیاتنانی کەسایەتییەک کە لە داهاتودا ئارەزوى کارى خێرخوازی مرۆیی بکات.
دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر ڕونکردنەوەى زیاترى لەسەر ئامانج و میکانزمى چۆنیەتى کارکردنى پڕۆژەکەى پێشکەش بەئامادەبووان کرد و ڕایگەیاند: میکانیزم و چۆنیەتی کارکردنی ئەم دامەزراوەیە لە بوارى خێرخوازیدا بریتى دەبێ لە پێکهێنانى گروپی خۆبەخشی بۆ جێبەجێکردنی کار و پڕۆژ و خزمەتگوزارییە خێرخوازییەکان، کۆکردنەوە و دابەشکردنی هەموو جۆرەکان هاوکاری و، پەرەپێدان بە کاری خێرخوازی تاک بۆ خێرخوازی دامەزراوەیی، ئەوەش بەسود وەرگرتن لە زانست و تەکنەلۆجیای مۆدێرن.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا و، بۆ پراکتیزەکردنى ناوەڕۆکى پڕۆژە خێرخوازیەکە بڕیاردرا هەر مامۆستایەک لەهەر بەشێک لە بەشە زانستیەکانى زانکۆی جیهان -هەولێر تیمێکی خێرخوازی لەژمارەیەک فێرخوازان پێک بهێنن و، لەلایەن مامۆستایەکەوە سەرپەرشتى بکرێن، ئەوەش ڕونکرایەوە مەرجە لە داڕشتن و گەڵاڵەکردنى لایەنەکانى پڕۆژە خێرخوازیەکاندا سوود لە بیرۆکەکانى فێرخوازانى بەشدار بوو وەربگیرێت و، کارێکی دیاریکراو لەبوارێکی تایبەتدا بەپێی شارەزایی و ئاستى زانستى مامۆستا کارەکانیان دەست پێ بکەن بە ئامانجی خزمەتی کۆمەڵگە و لایەنى مرۆڤایەتی.