زانکۆى جیهان-هەولێر پەیوەندییەکانى لەگەڵ زانکۆى (چەکەلۆنیا-کراکۆف) لە پۆلندا بەرەوپێش دەبات
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى دیدارێکدا لەگەڵ شاندى زانکۆى (چەکەلۆنیا-کراکۆف) لە پۆلندا باسیان لە چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوانیان و ئەنجامدانى چەند کارێکى هاوبەش کردەوە.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢٢/٥/٢٠٢٢) لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لەگەڵ شاندێکى زانکۆى (چەکەلۆنیا-کراکۆف) لە پۆلندا کە پێکهاتبوون لە (پرۆفیسۆر دکتۆر جانوس دیبرۆوسکی، دکتۆر ئادەم سووێک، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر باربارا پۆسێلیک) کۆبوەوە.
لە کۆبونەوەکەدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و چۆنیەتى گەشەکردنى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى بۆ شاندى میوان باسکرد، هەروەک ئامادەیی زانکۆکەى پیشاندا بۆ چۆنیەتى پتەوکردن و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى لەگەڵ زانکۆى (چەکەلۆنیا-کراکۆف) لە پۆلندا، بۆ ئەوەش چەند پێشنیاز و بۆچونێکى خستەڕوو.
هەر لەو کۆبونەوەیەدا، کە دکتۆر ساڵح مستەفا ساڵح و، بەڕێوەبەری ئوفیسی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر و، پرۆفیسۆر دکتۆر عبدالكريم یاسین مامۆستا لە بەشی تەندروستی کومەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر ئامادەیبوون، شاندى زانکۆى (چەکەلۆنیا-کراکۆف) لە پۆلندا دواى ئەوەى ئامانجى سەردانەکەیان بۆ هەرێمى کوردستان ئاشکرا کرد، هیواشیان خواست لە داهاتودا لە ڕێگەى ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەیەکى لێگەیشتن لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر بتوانن کارى پێکەوەیی ئەنجام بدەن بەتایبەت لە بوارى بەستنى کۆنفرانسى هاوبەش و ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى هاوبەش لە پێناو خزمەتکردن بەڕەوتى زانستى و بەرەوپێشبردنى لایەنى مەعریفى و ئاڵوگۆڕى زانستى.
واش بڕیارە لە داهاتویەکى نزیکدا شاندێکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەردانى زانکۆى (چەکەلۆنیا-کراکۆف) لە پۆلندا بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەبوارە جیاکان و ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەیەکى هاوبەش.