زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێز لە سێ یەکەمى سەرجەم بەش و قۆناغەکان دەنێ
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دوپاتیکردەوە، کە زانکۆ پاڵپشتى و پشتیوانى تەواوى فێرخوازان دەکات بۆ پەرەپێدان بە توانا و لێهاتویەکانیان، هەروەک دەرفەتى جۆراوجۆر دەڕخسێنى تا فێرخوازان لەسەرجەم قۆناخەکان بتوانن داهاتوویەکى گەش بۆ خۆیان و میللەتەکەیان دابین بکەن.
ئەو ڕاگەیاندنەى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (25/9/2022) لە مەراسیمێکى تایبەت بەڕێزلێنان لە سێ یەکەمى سەرجەم قۆناغ بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر هات.
لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبوونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ئەنجومەنى زانکۆ و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و مامۆستایان و فێرخوازان و کەسوکاریان لە هۆڵى کۆنفرانسى زانکۆ بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتەیەکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد و وتى: ئەمڕۆ شەرفمەندین کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە گەنجانى خۆشەویستى کوردستان کۆدەبینەوە، کە نموونەى فێرخوازانى کوردستانن و بەهەموو میللەت دەڵێن ئێمە هەین و ئێمە سەرکەوتووین و ئێمە خاوەنى زانست و مەعریفەین، وتیشى ئەو پلە زانستیەى کە ئێوە وەک یەکەم و دووەم و سێیەم لەسەر ئاستى بەش و قۆناغەکانتان بەدەستان هێناوە ئەوە پەیامێکى زۆر گرنگە بۆ ئێمە، بۆ خەڵکى کوردستان و بۆ بنەماڵەکانتان پاشان بۆخۆتان گرنگە، چونکە ئەوە تەنها ماندوبوونى خۆتان نیە، بەڵکو ماندوبونى مامۆستاکانتانە، ماندوبونى کەسوکارتانە لە ماڵەوە کە بەبەردەوامى پاڵپشتان بوون تا ببنە نموونەیەکى ڕاستەقینەى زانست و قوتابى.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، پڕۆفیسۆرى دکتۆر ئەمجەد سابر ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر وەک هەمیشە پێشەنگە، بەدەستهێنانى ئەو پلەیەى ئێوە دوپاتکردنەوەى ئەو ڕاستیەیە، بۆیە نابێ ئێوەش لە ترۆپکى سەرکەوتن ڕابوەستن، بەڵکو پێویستە بەردەوام بن و پەرەى زیاتر بەخۆتان بدەن، وتیشى زانست تاکە شتە کە کەس ناتوانێ مۆنۆپۆلى بکات و زانست تەنها بۆخۆى ببات، بەڵکو زانست بۆ میللەت و پێشکەوتنى کۆمەڵگە و وڵاتە، بۆیە ئێوەش دەبێ بیخەنە خزمەت میللەتەکەتان.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشى کۆتایى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ ئەو دەسکەوتە جۆراوجۆرانەى لەسەر ئاستى ناوخۆى و نێودەوڵەتى و هاوبەشیکردنى زانستى بەدەستهێناوە، وتیشى هەموو ئەو دەسکەوتانەى لە ڕابردوو بەدیهاتووە وایکردوە کە زانکۆکەتان جیاواز بێ لە زانکۆکانى دیکەى کوردستان و عێراق، بۆ ئەوەش نموونەى بەو فەند و دەسکەوتە زانستیانە هێناوە، کە لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئیراسمۆس پڵەس بۆ فێرخوازان و مامۆستایان بەدیهێناوە، جگە لە بوارى تەکنەلۆژیا، تەئکیدى لەوەش کردەوە کە زانکۆ بەردەوام دەبێ لە بەدیهێنانى دەسکەوتى زیاتر بۆ فێرخوازان و مامۆستایان.
دوابەدواى پێشکەشکردنى وتارەکان مەراسیمى ڕێزلێنان لە یەکەم و دووەم و سێیەمى سەرجەم بەش و قۆناغەکانى زانکۆى جیهان بۆ ساڵى خوێندنى (2021-2022) بەڕێوەچوو.