زانکۆکانى جیهان بەشدارى لە کردنەوەى پیشانگەى کتێب لە هەولێر دەکەن
دەزگاى ڕۆشنبیرى زانکۆکانى جیهان- بەهەماهەنگى کتێبخانەى گشتى هەولێر و، بەبەشدارى ژمارەیەکى بەرچاو لە دەزگاکانى چاپ و بڵاوکردنەوە پیشانگەیەکى تایبەت بەکتێب-ى لە شارى هەولێر کردەوە.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (25/10/2022) بەئامادەبوونى حهمهى حهمهسهعید، وهزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانى حكوومهتى ههورێمى كوردستان و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و ژمارەیەکى بەرچاو لە ڕۆشنبیران و نوسەران و خوێنەرانى کتێب لە كتێبخانهى زهیتوون ناوەندى کتێبخانەی گشتیى هەولێر، بەناونیشانى(پێکەوەژیان) مەراسیمى کردنەوەى پیشانگەى کتێب بەڕێوەچوو.
بەو بۆنەیەوە سەرەتا ئامادەبوان ساتێک بێ دەنگیان بۆ گیانى پاکى شەهیدان نواند، پاشان چەند وتەیەک پێشکەشکرا، لەو چوارچێوەیەدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتارێکدا دواى بەخێرهێنانى حەمەى حەمەسەعید وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئامادەبوانى پیشانگەکە وتى: کتێب دۆستان و زانستخوازان دەزگاى ڕۆشنبیرى زانکۆکانى جیهان خۆشحاڵەکە، کە بەهەماهەنگى کتێبخانەى گشتى هەولێر و، بەبەشدارى ژمارەیەکى بەرچاو لە دەزگاکانى چاپ و بڵاوکردنەوە ئەم پیشانگەیەى بۆ ئێوە ڕێکخستوە.
وتیشى لەم بۆنەیەدا، کە لە کتێبخانەى کۆرى (زەیتون) بەڕێوەدەچێ، پێم خۆشە بە وتەیەکى کۆریەکان دەست پێ بکەم، کە دەڵین: ” ئەگەر ویستان مێژوى گەلێک بزانن سەردانى مۆزەخانەکانیان بکەن، بەڵام ئەگەر ویستان داهاتووى گەلێک بزانن سەردانى کتێبخانەکانیان بکەن”، ئەم وتەیەى کۆرییەکان هەڵگرى کۆمەڵێک پەیامى زانستى و مەعریفیە کە پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بکەین، بەتایبەت بۆ ئێمەى کورد کە تینویی داهاتویەکى گەشترین.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە ڕۆڵى زانکۆکانى جیهان لە بوارى کتێب کرد و وتى: زانکۆکانى جیهان وەک دامەزراوەیەکى زانستى پێشەنگ لە هەرێمى کوردستان گرنگیەکى تایبەت بە کتێب و سەرچاوەى زانستى دەدات، هەرچەندە لەم سەردەمى تەکنەلۆژیا و میدیاى نوێدا باس لەوە دەکرێ، کە خوێنەرى کتێب وەک جاران نەماوە، بەڵام دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین، کە پێگەی کتێب وەک هەڵگری زانست و باڵیۆزی کولتوورى… هەمیشە پایەکانى داهێنان و ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگە بەهێز دەکات و داهاتوى نەتەوەکانیش مسۆگەر دەکات، مایەى خۆشحاڵیمانە لە مێژوى دامەزراندنى زانکۆى جیهان تا ئێستا دەیان کتێبمان لە بوارە جیاکانى زانست بەچاپ گەیاندوە و، بونەتە سەرچاوەیەکى گرنگ لە زانکۆکان، ئەوە جگە لە کۆکردنەوە و چاپکردنى چەندین کتێبى مێژوویی تایبەت بەگەلەکەمان.
لە کۆتایى وتارەکەیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: هەولێر کە مەڵبەندى ئاشتى و پێکەوەژیانە، ئەمڕۆش بەناونیشانى (پێکەوەژیان) ئێمەى بەدەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان لێرە کۆکردۆتەوە بۆ بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنی بزووتنەوەی کولتووری و فراوانکردنی بازنەی چالاکییە زانستى و ئەدەبیەکان و، قوڵکردنەوەى زیاترى گیانى پێکەوەژیان و لێبوردەیی، ئەوەش لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى کتێب و چالاککردنى بزوتنەوەى خوێندنەوە لەم سەردەمەدا، هیواشى خواست ڕۆژانى پیشانگەیەکە بۆ هەموان سود بەخش بێت.
هەر لە مەراسیمى کردنەوەى پیشانگەیەکدا، هەریەک لە حهمهى حهمهسهعید، وهزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان و، ناز فهلهكهدین كاكهیی، بهڕێوەبهرى گشتیى كتێبخانهى گشتیى ههولێر، وتەیان پێشکەشکرد، پاشان چەند چالاکیەکى هونەر و مۆسیقا پێشکەش بەئامادەبوان کرا.
لەو پیشانگەیەدا، کە بەسهرپەرشتیى كتێبخانهى گشتیى ههولێر به هاوبهشى لهگهڵ دهزگاى ڕۆشنبیریى زانكۆکانى جیهان ڕێکخراوە، بۆ ماوەى (١٠) ڕۆژ لهنێو هۆڵى كتێبخانهى گشتیى زهیتوون لە شارى هەولێر بەردەوام دهبێت، لە پیشانگەکەدا دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى، هەولێر، ههڵهبجه و سۆران بەشداریان تێدا کردوە و بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن، هاوکات چهندین سیمینار و چالاکیی كولتوورى لە پەراوێزى پیشانگەیەکە بهڕێوهدهچێت.