سەرۆکایەتى بەشى بایۆمیدیکاڵ خولێکی ڕاهێنان لەسەر کارامەیی سەرەتایی بۆ نوێنەرانی فرۆشتنی دەرمان ڕێکدەخات
بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر خولێکی ڕاهێنانی چڕ و پڕی (١٥) کاتژمێری بەناونیشانی “کارامەیی بنەڕەتی بۆ نوێنەرانی فرۆشتنی دەرمان” ڕێکخست، خولەکە لە ڕێکەوتى (٢١/٤/٢٠٢٥) لە هۆڵى ئەکادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و گەشەپێدان دەستی پێکرد.
خولەکە ڕۆژانە لەلایەن عومەر دلێر پالیسانی بەڕێوەبەری کۆمپانیاى ساوا بۆ بوارى دەرمان و، پسپۆڕی ناسراوی بەبازاڕکردن و فرۆشتنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا، لە ماوەی خولەکەدا، فێرخوازانى بەشداربوو ئاشناکران بە ئەرکە سەرەکییەکانی نوێنەری فرۆشتنی دەرمان، لەوانەش زانیاری بەرهەم، تەکنیکەکانی فرۆشتن، پەیوەندی ستراتیژی و، لێهاتوویی دانوستاندن. هەروەها جەختی تایبەت لەسەر لایەنە ئاکارییەکانى بەرەوپێشبردنی دەرمان و دروستکردنی پەیوەندی پیشەیی لەگەڵ دابینکەرانی چاوەدێری تەندروستی کرا.
لە کۆتایی خولەکەدا، فێرخوازانى بەشداربوو خۆشحاڵى خۆیان پیشاندا بە ناوەڕۆکى خولەکە، بۆ ئەوەش سوپاسى سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى و بەڕێوەبەرى خولەکەیان کرد، کە بەشێوەیەکى پراکتیکى ئاشناى ژینگە و شێوازى کارەکەیان کردن.