سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ کونسڵى گشتی کۆمارى پۆڵەندا تاوتوێی پەیوەندییە زانستیەکانى نێوانیان دەکەن
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٤/٥/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازی لە دۆمینیک موشیال(Dominik Musial) کونسڵى گشتى کۆمارى پۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان کرد و، پێکەوە تاوتوێیی چۆنیەتى بەهێزکردنى زیاترى پەیوەندییە زانستیەکانیی نێوانیان کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبوونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ژمارەیەک لە مامۆستایان و توێژەرانى زانکۆى لۆدز-ى پۆڵندا بەڕێوەچوو، سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەخێرهاتنى شاندى میوانى کرد، پاشان کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و ژمارەی مامۆستایان و فێرخوازان و، ژمارەى بەشە زانستیەکان و پێکهاتەى زانکۆ و، چۆنیەتى گەشەکردنى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى پێشکەش بە شاندى میوان کرد، لەهەمانکاتدا باسى لەو پەیوەندییە فراوان زانستیە کرد، کە زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆ و ناوەند و دامەزراوە زانستیەکانى جیهان هەیەتى.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باسى لە پەیوەندییە زانستیەکانیان لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا کرد، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: بەخۆشحاڵیەوە پەیوەندییەکى فراوانمان لەگەڵ ژمارەیەک لە زانکۆکانى پۆڵندا هەیە و، تا ئێستا چەند کۆنفرانسێکى زانستى هاوبەشمان ئەنجامداوە، کە نوێترینیان چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى زانستە دارایی و کارگێڕییەکان بوو لەگەڵ زانکۆى لۆدز، جگە لەوەش لەگەڵ زانکۆکانى دیکە پەیوەندی باشمان هەیە، هەر لە ئاڵوگۆڕى فێرخوازان و توێژەران تا دەگاتە کارئاسانیکردن بۆ توێژەرانى هەردوو لا بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى، وتیشى چاومان لەوەیە پەیوەندییەکانمان زیاتر پەرەپێ بدەین، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژانى داهاتودا بەسەرۆکایەتى شاندێک سەردانى پۆڵندا دەکەین.
لە بەرامبەردا؛ (دۆمینیک موشیال) کونسڵى گشتى کۆمارى پۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەئاستیى پەیوەندییە زانستیەکانى زانکۆکانى وڵاتەکەى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر، دوپاتیشیکردەوە کە وەک کونسڵگەرى وڵاتەکەیان لە کوردستان هەموو کارئاسانیەک دەکەن بۆ تێپەڕاندنى ئاستەنگ و بەربەستەکان لە پێناو زیاتر فراوانکردنى پەیوەندییە زانستیەکان و ئاڵوگۆڕى زانستى و، سوودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر.