
شاریقە: پرۆفیسۆرى دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە خولی 58ـەمینی کۆنگرەی گشتی یەکێتیی زانکۆ عەرەبییەکان دەکات
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 26, 2026
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێککەوتی 26ی تشرینی دووەمی 2026، لە ئیمارەتی شاریقە لە دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداریی لە خولی 58ـەمینی کۆنگرەی گشتیی یەکێتیی زانکۆ عەرەبییەکان کرد.
کۆنگرەکە، بە چاودێریی دکتۆر سوڵتان بن محەممەد ئەلقاسمی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و حاکمی شاریقە لە ماوەی نێوان 26 تا 27ی تشرینی دووەمی 2026 لە زانکۆی شاریقە لە دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە هۆڵی ڕازی لە زانکۆی شاریقە و بە هاوکاریی زانکۆی خۆرفەکان ڕێکخراوە.
بەشدارییەکی بەرفراوانی زانکۆ عەرەبییەکان
ئەم خولەی کۆنگرەی گشتیی یەکێتیی زانکۆ عەرەبییەکان بەشدارییەکی ئەکادیمیی بەرچاو لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە بەخۆوە بینیوە، بە شێوەیەک (175) زانکۆ و دامەزراوەی ئەکادیمیی سەر بە (19) دەوڵەتی عەرەبی تێیدا بەشدارن، کە لە ناویاندا (149) سەرۆک و نوێنەرى زانکۆکان ئامادەن.
ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرە
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەکەدا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتى 26ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوە چوو، سەرەتا قەڵغانی یەکێتیی زانکۆ عەرەبییەکان وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵی مێژوویی و بەردەوامی لە پشتگیریکردنی خوێندنی باڵا، توێژینەوەی زانستی و، بنیاتنانی دامەزراوە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکان بەخشرایە حاکمی شاریقە.
تەوەرە ستراتیژییەکانی خوێندنی باڵا
لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا، هەریەک لە دکتۆر عیسامەددین عەجەمی سەرۆکی زانکۆی شاریقە، دکتۆر فەراج ئەلعەجەمی نوێنەری ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و، دکتۆر عەمرو عیززەت سەلامە ئەمینداری گشتیی یەکێتیی زانکۆ عەرەبییەکان وتاریان پێشکەش کرد، کە تێیدا تیشکیان خستە سەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری و تەواوکاریی ئەکادیمی لە نێوان زانکۆکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەرچەرخانی دیجیتاڵی، ژیری دەستکرد، پەرەپێدانی پسپۆڕییەکانی داهاتوو، ڕیزبەندى عەرەبی بۆ زانکۆکان و، کاراکردنی ناوەندی هەرێمیی عەرەبی بۆ پەیمانگەی نێودەوڵەتی فێربوون لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە (IIOE) بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی یۆنسکۆ (UNESCO-ICHEI).
گرنگى بەشدارى سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر
لە پەراوێزی کارەکانی کۆنگرەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر جەختی لەسەر گرنگیی بەشداریکردن لەم کۆنگرەیە کردەوە وەک سەکۆیەکی زانستیی گرنگ بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی دیدگا و بۆچوونەکان لە نێوان سەرکردە و سەرۆک زانکۆکاندا، هەروەها تاوتوێکردنی پرسە ستراتیژییەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی سیستمی خوێندنی باڵا لە بەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان و، ئەو پێداویستییە نوێیانەی کە دەکەونە سەر شانی زانکۆکان بۆ بەهێزکردنی توانای کێبڕکێ و داهێنانی زانستی.
دیدار و گفتوگۆکان
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕۆژانى بەڕێوەچوونى کۆنگرەکەدا چەندین دیدار و کۆبونەوەى گرنگ لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرى زانکۆکان ئەنجام دەدات و، کارى گرنگ بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆ بەشداربووەکان دەکات بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر و، ئەنجامدانى پرۆژەى زانستى لە بوارە جیاوازەکان.



