فیستیڤاڵى یوبیلى پلاتینى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر بەڕێوەچوو
بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکانى کوردستان و، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و، ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایان و ئەکادیمیستان و، ڕوناکبیران و هونەرمەندان و نوسەران و لێپرسراوانى حکومى و حزبى و فێرخوازان، لە زانکۆى جیهان-هەولێر فیستیڤاڵى یوبیلى پلاتینى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر بەناونیشانى (75 ساڵە لە ھەولێرم) بەڕێوەچوو.
فیستیڤاڵەکە بەکۆمەڵێک چالاکى هونەرى و ئەدەبى دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا لەسەرەتاى فیستیڤاڵەکەدا هەمووان بەشداریان لە مەراسیمێکى تایبەتى پەیمانگە و قوتابخانەکانى جیهان کرد، کە بۆ ئەو بۆنەیە ڕێکیان خستبوو، پاشان لە (جیهان گەلەرى) پیشانگەیەکى تایبەتى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر کرایەوە، کە تیایدا بەرهەم و کارە دەستیەکانى دکتۆر نەوزاد نمایش کرابوو، ئامادەبوانى دواى بەسەرکردنەوەى تابلۆکانى پیشانگەکە پێکەوە بەشداریان لە هەڵمەتێکى نەمام چاندن لە ناو کەمپسى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، پاشان پیشانگەى کتێب و ئەرشیفەکانى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر کرایەوە، لەو پیشانگەیەشدا بەرهەمە چاپکراو و دەستنوس و ئەرشیفە تایبەتەکانى ژیانى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر نمایش کرابوون.
بەشێکى دیکەى فیستیڤاڵى یوبیلى پلاتینى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، کە لە هەمان ڕۆژ (سێ شەممە ٢٨/٢/٢٠٢٣) لە هۆڵى کۆنفرانسەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، چەند وتارێکى تیایدا پێشکەشکرا.
بەو بۆنەیەوە، پرۆفیسۆر دکتۆر ەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتارێکدا دواى بەخێرهێنانى میوانان باسى لە بونیادنانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و وتى: ” لەم بۆنە تایبەتەدا، جێى خۆیەتى بەشانازیەوە باس لە تەمەنى پڕ بەخششى هاوڕێمان دکتۆر نەواز یەحیا باجگر بکەم، کە لە ڕۆژگارێکى زوودا بیرى لە دامەزراندنى زانکۆیەکى ئەکادیمى پرۆفێشناڵ کردەوە، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە پێکەوە شەونخونیمان کرد و کارى زۆرمان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجێکى گەورە کرد… مایەى خۆشحاڵیمانە هەمووان ئەمڕۆ بەرهەمەکەى دەبینن، کە زانکۆى جیهان-هەولێرە، لە ئێستادا بۆتە ناوەندێکى ئەکادیمى فراوان و ئاستبەرز بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییە زانستییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان”.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتیشى: “ئێمە هەر لەسەرەتاى دامەزراندنى زانکۆى جیهان-هەولێر هاوڕێ لەگەڵ پاڵپشتیە بەردەوامەکانى، دەستپێشخەرییە زانستیەکانى، هاندانە بێ وچانەکانى دکتۆر نەوزاد توانیمان زانکۆى جیهان بکەینە هەوێنى بەدیهێنان و دامەزراندنى چەندین ناوەندى ئەکادیمى هاوشێوە لە شارەکانى دیکەى کوردستان، لە ئێستاشدا بەرەو کەرکوک و ناوچەکانى دیکەى عێراقیش هەنگاوەکانمان دەستپێکردوە، نەک هەر ئەوەندە؛ بەڵکو لەسەر ئاستى پەروەردەش کارمان کرد بۆ کردنەوە و دامەزراندنى چەندین ناوەندى پەروەردەى هەر لە باخچەى منداڵان تاوەکو قوتابخانە و پەیمانگە بەنوێترین و پێشکەوتوترین تەکنەلۆژییەکان و سیستمى پەروەردەى، هەموو ئەمانە پێکەوە ئەمڕۆ بوونەتە چرایەکی گەشى زانست و مەعریفە بۆ ئەوانەی هیوا بۆ بونیادنانى ئایندەیەکی ئارام ئەخوازن”.
لە بەشێکى دیکەى ئەو مەراسیمەدا چەند وتەیەکى دیکە لەلایەن دکتۆر ابراهیم سمۆ و، شێرزاد هەینى پێشکەشکران، پاشانیش دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان سوپاسى هەموو ئەو کەسانەى کرد کە لە قۆناغە جیاکانى ژیانى هاوکار و هەماهەنگ و پاڵپشتى بوون، وتیشى مایەى خۆشحاڵیمە بەشێک لە ئاواتەکانى ژیانى بەدیهاتوون، بەڵێنیشى دوپاتکردەوە لەسەر هەمان ڕێچکەى خۆى بەردەوام بێ بۆ خزمەتکردن بەڕەوتى زانست و مەعریفە بەگەنجان بەتایبەت و کۆمەڵگە بەگشتى.
لە کۆتایى مەراسیمەکەشدا، دیارى تایبەتى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر بەسەر کۆمەڵێک کەسایەتى ئەکادیمى و هونەرى و کۆمەڵایەتى و حکومى دابەش کرا.