لە زانکۆى جیهان-هەولێر سێەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى پەروەردە و زمان دەستى بەکارەکانى کرد
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی، لە زانکۆى جیهان-هەولێر سێیەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان و پەروەردە بەناونیشانی « دەرکەوتنى ئاسۆی نوێ لە بوارى زمانەوانی، ئەدەب، پەروەردە و، وەڕگێڕانناسی» دەستپێکرد.
ئەو کۆنفرانسەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (١/٣/٢٠٢٣)، بەئامادەبوونى نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و، ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستى پێکرد، لە مەراسیمى کردنەوەیدا چەند وتەیەک پێشکەشکرا.
پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى نوێنەرى جەنابى وەزیرى خوندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان، وتى: بەستنى ئەم کۆنفرانسە بەرهەمى هەوڵ و چالاکى بەردەوامى چەند مانگى ڕابردوى کۆمەڵێک زانا و ئەکادیمیست ونوخبەیەکى دیارى زانکۆکەمانە، مایەى شانازیمانە کە زانکۆى جیهان-هەولێر لەماوەى ئەو تەمەنە کورتەى کە هەیەتى، ئێستا بۆتە ناوەندێکى گرنگ و ڕووناک بۆ پرۆسەی خوێندنی باڵا، گەشەپێدان، بیرکردنەوە، داهێنەران و، سەرکەوتن، چونکە لە چوارچێوەى پلانى ستراتیژى خۆیدا زانکۆکەمان بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ بەستنەوەی خوێندنی باڵا بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی گەشەپێدانى کۆمەڵگە، بۆ ئەو مەبەستە دەرفەتى تەواوى بۆ هەموو فێرخوازان و مامۆستایان و توێژەران ڕەخساندوە تا هەوڵە زانستیەکانیان بخەنەگەر بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی زانست و زانیاری.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونیشکردەوە؛ کۆلێژى ئاداب و هونەر و کۆلێژى پەروەردە دوو کۆلێژى گرنگى زانکۆکەمانن و، ڕۆڵى گرنگ و دیاریان هەیە لە پێگەیاندن و دروستکردنى چەندین سەرکردەى پەروەردەى بۆ ناوەندەکانى خوێندن و دامەزراوە جیاکان، هاوکات بەستنى ئەم کۆنفرانسە گرنگەش، دەسکەوتێکى دیکەى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێرە، کە دەرئەنجام و ڕاسپاردەکانى پێشکەشى کۆمەڵگەکەمانى دەکەین.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى لە وردەکارییەکانى کۆنفرانسەکە کرد و ئاشکرایکرد، بۆ ئەم کۆنفرانسە (116) توێژینەوە لەلایەن توێژەران و شارەزایان و مامۆستایان و پسپۆڕان لە بوارەکانى (زمانى ئینگلیزى، وەرگێڕان، پەروەردە و، وەرزش) پێشکەش بە لێژنەی زانستی کۆنفرانس کرا، لە ئەنجامدا لەلایەن لێژنەى هەڵسەنگاندنى زانستى (56) توێژینەوەیان ڕەتکرایەوە و (60) توێژینەوەى ئاست بەرز و هاوچەرخ و ڕەسەن پەسند کران، لەو ژمارەیەش (10) توێژینەوەیان لە دەرەوەی عێراق بوون و، لە زانکۆکانی (ئیتاڵیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بەریتانیا، تورکیا، قەتەر، ئێران، مصر، ئوردون و سعودیە)ن، ئەوانى دیکەش لە زانکۆکانى ناوخۆی کوردستان و عێراق پێشکەشکراون و پەسندکران، هەر بۆ ئەم کۆنفرانسە زانستیە (3) قسەکەری سەرەکى ((Keynote Speaker بۆ کۆنفرانس پەسند کراون، کە لە زانکۆکانى (ئیتاڵیا و ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا)ەوە هاتوون.
لە کۆتایى وتارەکەیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانینى تایبەتى ئاراستەى هەموو ئەو کەسانە کرد، کە لەماوەى چەند مانگى ڕابردودا بۆ سەرخستن و بەستنى ئەم کۆنفرانسەدا کاریان کردوە، بەتایبەت هەریەک لە لێژنەکانى زانستى و ئامادەکارى کۆنفرانس، کارگێڕى و دارایى، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و، تەکنەلۆژیاى زانیارى، لەهەمان کاتدا سوپاسى توێژەرانى کرد، کە بە توێژینەوە بەنرخەکانیان بەشداری کاریگەریان لە کۆنفرانسەکەدا کردوە و، تەوەرەکانى کۆنفرانسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد، بەڵێنیشى دووپات کردەوە، کە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ هەمیشە وەک ناوەندێکى ئەکادیمى گرنگ دەرگاى بەڕووى زانستخوازان و ئەکادیمیستان کراوە دەبێ لەپێناو چالاککردنی بزووتنەوەی توێژینەوەی زانستی لە وڵات و ناوچەکەمان.
پاشان: دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر ئەمیندارى زانکۆکانى جیهان وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان بەگرنگیەوە باسى لە بوارى توێژینەوە و ئەنجامدانى توێژینەوە کرد بۆ پەرەپێدانى کۆمەڵگە، هیواشى خواست زانکۆکان بەردەوام بن لە هەوڵە زانستیەکانیان بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانى کۆمەڵگە.
پاشان، د.ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان بە نوێنەرایەتى د.ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد. لە وتارەکەیدا؛ نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى میوانان، دەستخۆشى لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ ڕێکخستنى ئەو کۆنفرانسە و هەڵبژاردنى ئەو ناونیشانە، کە هاوتەریبە لەگەڵ و پێداویستیەکانى ئێستا و، پلانى وەزارەت بۆ بایەخدان بەزمان.
نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا بەگرنگیەوە باسى لە بابەخ و گرنگى زمان کرد و؛ ڕایگەیاند: زمان ناسنامەى میللەتان و خەسڵەت و تایبەتمەندى کەسەکانیش دەستنیشان دەکات، بۆیە زمان ڕۆڵێکى پڕ ڕەهەندى هەیە و، کاریگەرى هەیە لەسەر ناساندنى میللەتان بەدنیاى دەرەوە، بۆ ئێمەى کوردیش زمانى کوردى و پاراستن و گەشەپێدانى ئەمانەتێکى گەورەیە، کە لە باوباپیرانمان بۆمان ماوەتەوە و میراتى میللەتەکەمان دەبێ هەموان پێکەوە پارێزگارى لێ بکەین.
سەبارەت بەئەرکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى د.ژاڵە سەعید خەتات ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان لەم سەردەمى تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارى خێرایانەدا کارى گرنگ و دەستپێشخەرى زۆرى هەیە بۆ بایەخدان بەزمانى کوردى، مایەى خۆشحاڵیە کە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران پشتگیرى پشتیوانى خۆیان بۆ پلان و بەرنامەکانى وەزارەت دوپاتکردۆتەوە، بەتایبەت لە هەنگاوەکانى وەزارەت بۆ دانانى تاقیکردنەوەیەکى ستانداردى نیشتیمانى بۆ زمانى کوردى، جگە لەوەش لە چوارچێوەى هەنگاو و پلانەکانى وەزارەت بۆ گۆڕانکارى لە پرۆگرامەکانى خوێندن، پرۆگرامەکانى زمان و پەروەردە ئەو دوو بوارە گرنگەن کە وەزارەتەکەمان هەڵوەستەى جدى لەسەر دەکات، بۆ ئەوەى بیگونجێنین لەگەڵ پێداویستیەکانى ئەمڕۆ و داهاتوى ئەو گۆڕانکارییە زمانەوانى و پەروەردەییانەى ڕودەدەن. لە کۆتایى وتارەکەشیدا؛ نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە کارنامەى کۆنفرانسەکە خواست.
لەو کۆنفرانسەدا کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ، (٦٠) توێژینەوە لە ڕێگەى چەند تەوەرێکى جیا لەلایەن توێژەران پێشکەش دەکرێن، سەربارى ئەوەش سێ قسەکەری سەرەکى وەک ((Keynote Speaker کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەبەن.