فێرخوازانى ئەندازیارى شارستانى تاقیکردنەوەى لێدانى شمیت بۆ ڕوکارە کۆنکریتیەکان دەکەن
بۆ پراکتیزەکردنى وانە تیورییەکان و، ئاشناکردنى فێرخوازان بەلایەنە جیاکانى ئەندازیارى شارستانى، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى شارستانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر تاقیکردنەوەى لێدانى شمیت بۆ ڕووە کۆنکریتیەکان ئەنجام دەدەن.
لەو چالاکیە زانستیەدا، کە بەسەرپەرشتى دکتۆر دیار ناسح قادر لە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٦/٤/٢٠٢٢) فێرخوازان تاقیکردنەوەکەیان ئەنجامدا، کە بەیەکێک لە گرنگترین پشکنین و تاقیکردنەوەکان کۆنکریت دادەنرێت، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی بە پێکهاتە و لایەنى بیناسازی بگەیەنێت.
هەربۆیە فێرخوازان لە چوارچێوەى ڕێنماییە زانستیەکاندا و، پێوەرە بەکارهاتوەکان پشکنین و تاقیکردنەوەکەیان ئەنجامدا، وەک هەمیشە ئەنجامەکانی ئەم تاقیکردنەوەیە بەکاردێت بۆ ڕێنوێنی بەهای نزیکی بەرگری لە پاڵەپەستۆی کۆنکریت لە هەر پڕۆژەیەکى دیکەى بوارى ئەندازیارى شارستانى، هەربۆیە بونى درز لە پێکهاتەی باڵەخانەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەمترخەمى یان شکستهێنانی بەڵێندەر لە پابەندبوون بە کرداری دانان بەتاقیکردنەوەى شمیت بەپێی تایبەتمەندی پڕۆژە ئەندازیارییەکان.
لە میانەى ئەنجامدانى ئەو چالاکیە زانستیەدا، مامۆستاى سەرپەرشتیار بەوردى چاودێرى هەنگاوەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکەى دەکرد و، تێبینى و سەرەنجى پێویستى پێشکەش بەفێرخوازان دەدا، هەروەک هانى دان لەو جۆرە تاقیکردنەوەى زانیارى زانستى زۆر کۆبکەنەوە تا لە داهاتودا و، لە ژیانى کارکردندا پشت بەخۆیان ببەستن.