
فێرخوازانی بەشی ژمێریاری سەردانی بەڕێوەبەرایەتى گەنجینەی هەولێر دەکەن
- Categories بەشی ژمێریاری
- Date تشرینی یەکەم 15, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 14/10/2026، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغى چوارەم لە بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستیان بۆ گەنجینەی هەولێر لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی دکتۆر إبراهیم حسێن ئەحمەد بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان، خەتاب صابر عوسمان، بەڕێوەبەری گەنجینەی هەولێر بە گەرمی پێشوازی لە فێرخوازان کرد.
پاشان هونەر نەجات عەبدولحەمید، سەرۆکی بەشى ژمێریارى، پێکهاتەی ڕێکخراوەیی گەنجینەکە، بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکان و پرۆسە ڕۆژانەیییەکانی پەیوەندیدار بە ژمێریاری و بەڕێوەبردنی دارایی لە کەرتی گشتیدا بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر شیکردەوە.
هەروەها ئاماژەى بە ڕێکارەکانی بەڕێوەبردنی حکومی، چاودێریکردنی داهاتە گشتییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییەکانی خستەڕوو، بە پێشکەشکردنی نموونەیەکی پرۆسەیی لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ خەرجییەکان لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاریی داراییەوە تا تۆمارکردن و چاودێریکردنی مامەڵەکان لە ڕێگەی سیستمەکانی ژمێریاری و چاودێریی دارایی فەرمی باسەکەى وردتر بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە.
سەردانەکە بە گفتوگۆیەکى کراوە کۆتایی هات، کە تێیدا دەرفەت بۆ فێرخوازان درا پرسیارەکانیان ئاڕاستە بکەن و تێڕوانینی زیاتر لەبارەی ڕێکارە دارایی و کارگێڕییەکانی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی سەرمایەی گشتی بەدەست بێنن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، دکتۆر إبراهیم حسێن ئەحمەد سوپاس سەرۆکایەتى بەشى ژمێریارى ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی هەولێر و، هونەر نەجات عەبدولحەمید کرد بۆ پێشوازیی گەرم و ڕوونکردنەوە بەپێزەکانیان.
You may also like


