
لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆنفرانس و وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی لەبارەى خۆپاراستن و چارەسەرى قەڵەوی بەڕێوەدەچێت
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date تشرینی یەکەم 15, 2026
بەچاودێرى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەناونیشانی «قەڵەوی: سەردەمێکی نوێ 2026 – لە بەڵگەی زانستییەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕۆژانە»، کۆنفرانس و وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتیی زانستی بەئامادەبونى شارەزاییان و پسپۆڕانى بوارەکە بەڕێوەدەچێت.
لەو کۆنفرانس و وۆرکشۆپەدا، کە لەلایەن بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان–هەولێر، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای پەرەپێدان و داهێنانی نێودەوڵەتیی بارسام (BARSAM) ڕێکخراوە، بڕیارە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، ڕێککەوتی 21 و 22ی تشرینی یەکەمی 2026، لە هۆڵی کۆنفرانسەکان دەست بە چالاکییەکانى بکات.
واش بڕیارە لە ڕۆژی یەکەمدا و لە کۆنفرانسەکەدا تیشک بخرێتە سەر نوێترین بەڵگە زانستییە نێودەوڵەتییەکان و، ڕەهەندەکانی خۆپاراستن، چارەسەر و دەرزییە نوێییەکانی دژە قەڵەوی، نەشتەرگەری و دەرمانییەکانی قەڵەوی لەلایەن پسپۆڕان و شارەزاییانى بوارەکە پێشکەش بکرێ.
لە ڕۆژی دووەمدا لە وۆرکشۆپێکی تایبەتدا باس لە ڕۆڵی پسپۆڕانی خۆراک، بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی لە نێو منداڵان و، چەندین بابەتى دیکەى زانستى لەلایەن پسپۆڕان و توێژەران و دەرچوان و فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس پێشکەش بکرێ. لە کۆتایشدا بڕوانامەی بەشداریکردن و ڕێزلێنان بەسەر بەشداربواندا دابەش بکرێت.



