فێرخوازانى ئەندازیاری شارستانی سەردانی پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون دەکەن
سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى شارستانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک بەشێکى پێشەنگ بۆ بەستنەوەى تەواوى پرۆگرامەکانى خوێندن بەژینگەى کارکردن بەردەوامە لە چالاکیە مەیدانیەکانى، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەى نیشتەجێبووى (فلۆریا ستی)یان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
رۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (18/10/2022) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر مەیس عەبدولڕەزاق ئیبراهیم فێرخوازانى قۆناغى سێیەم و چوارەم لە بەشی ئەندازیاری شارستانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی فلۆریا سیتی بەسەرکردەوە و، لەلایەن ئەندازیار زریان ئیبراهیم بیلال پێشوازیان لێکرا.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکەدا، ئەندازیارى سەرپەرشتیارى باسى لە بەشەکانی پڕۆژەکە و قۆناغە جیاوازەکانی جێبەجێکردنی کرد، وەک ڕێکخستنەوەى زەوى پڕۆژەکە و دروستکردنى بناغە و چۆنیەتى دروستکردنى باڵەخانەکان، ڕونیشیکردەوە پرۆژەی فلۆریا سیتی یەكێكە لە پرۆژە گەورەکانى شاری هەولێر، بەو پێیەی رووبەری پرۆژەكە 645 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و 13 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، کە بریتین لە: ڤێلا و شوقە و دوكان.
ئەم گەشتەش بووە دەسکەوتێکى دیکەى زانستى بۆ فێرخوازان، چونکە زانیاری بەسوودیان وەرگرت سەبارەت بە کارە جۆراوجۆرەکانی پڕۆژەکە و چۆنیەتی هەماهەنگی نێوان کرێکاران بۆ تەواوکردنی کارەکان بەپێی ستاندار و دیزاینى پڕۆژەکە.