فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ بەشێوەیەکى کردەیی ئاشناى پێداویستى و ئامێرە پزیشکیەکان لە نەخۆشخانەکان دەکرێن
بە مەبەستی بەرزکردنەوەى ئاستى زانستە پراکتیکیەکان و، لە چوارچێوەی بابەتی (پێداویستى پزیشکی)، سەرۆکایەتى بەشی زانستە بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە هاوکاری نەخۆشخانەی میهرەبانی لە شاری هەولێر، چالاکیەکى زانستیان بۆ فێرخوازانى بەشەکە ڕێکخست.
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٦ی نیسانی ٢٠٢٣) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر سیروان ئەحمەد و دکتۆر محەممەد عەسام، فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى بایۆمیدیکاڵ بەشداریان لە زنجیرەیەک چالاکى جۆراوجۆر کرد.
لەو چوارچێوەیەدا و؛ لە هۆڵى چالاکیەکانى نەخۆشخانەی میهرەبانی، دکتۆر هیمداد (بەڕێوەبەری تاقیگەکان) وتارێکی وردی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، کە بەخستنەڕوى نمونەى ڕاستەقینە لەناو تاقیگە و بەشەکانی نەخۆشخانەکەدا باسى لە ئەزمونى پراکتیکى کارمەندان و پزیشکان لە نەخۆشخانەکە و چۆنیەتى چارەسەرکردنى نەخۆشى کرد.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەش و تاقیگەکانى نەخۆشخانەکە، ئاشناى نوێترین پێشکەوتنەکانی ئامێر و کەرەستەی پزیشکی و تەکنەلۆژیای پەیوەست بە بواری زانستى بایۆمیدکاڵ کران، لاى خۆیانەوە سەرپەرستیار و کارمەندانى تاقیگەکان بەجیا زانیارییان لەسەر هەموو ئامێرەکانی تاقیگەی پزیشکی نەخۆشخانەکە و هەموو جۆرە پشکنینێکى تاقیگەیی پزیشکى پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە کۆتایدا سوپاسى بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەکەیان کرد، بۆ ڕێکخستن چالاکیەک و ئاشناکردنیان بەئامێر و تاقیگە پزیشکیەکانى نەخۆشخانەکە.