فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ بەچالاکیەک ڕۆژى جیهانى تەندروستی دەروونی بەرز ڕاگرت
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی تەندروستی دەروونی، کە دەکەوێتە ڕێکەوتى (10ی تشرینی یەکەمی) هەموو ساڵێک، لە وڵاتانى جیهان دامەزراوە جیاکان بەچالاکى جۆراوجۆر یادى ئەو ڕۆژە دەکەنەوە و، بەهۆیەوە هۆشیارى تەندروستى دەرونى لە کۆمەڵگەدا بڵاودەکەنەوە.
لەو چوارچێوەیەدا؛ ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (10-10-2023)، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر بە چاودێرى سەرۆکایەتى بەشى بایۆمیدیکاڵ سەردانی قوتابخانەی دواناوەندی ژیارى ناحکومیان لە شارى هەولێر کرد و سیمینارێکیان لە بارەى تەندروستی دەروونی پێشکەش بە فێرخوازانى قوتابخانەکە کرد.
لەو سمینارەدا، کە بەئامادەبونى بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستایان ئامادەیبون، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ سەرەتا باسیان لە ڕۆژى جیهانى تەندروستى دەرونى کرد، پاشان ئاماژەیان بە نەخۆشى دەرونى کرد و، بۆ ئەوەش باسایان لەو نیشانە و کێشە دەرونیانە کرد کە ڕوبەڕوى تاکەکانى کۆمەڵگە دەبێتەوە، پاشان باسیان لە ڕێگەکەکانى چۆنیەتى چارەسەرکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشیە دەرونیەکان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنمایی پێویستیان پێشکەش بە فێرخوازانى قوتابخانەى ژیارى ناحکومى کرد.
لە کۆتایدا؛ بەڕێوەبەرى قوتابخانەى ژیارى ناحکومى سوپاس و ستایشى ئاستى زانستى و لێهاتویی فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، هیواشى خواست لە ڕێکخستنى ئەو جۆرە چالاکیانە بەردەوام بن، لە پێناو بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى تەندروستى و دەرونى فێرخوازان.