فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ بە سەردانێکی زانستی تاقیگەی پزیشکی بەسەردەکەنەوە
لە درێژەی چالاکییە زانستیەکانى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (٣ی ئازاری ٢٠٢٤)، فێرخوازانى قۆناغی یەکەم بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر محمد محمد حسێن لە شارى هەولێر بەسەردانێکى زانستى تاقیگەى (دەلانى)یان بەسەرکردەوە.
مامۆستا و فێرخوازان لەلایەن (فەرمان محمد) بەڕێوەبەری تاقیگەی دەلانی پێشوازییان لێکرا، پاشان بەشێوەیەکى وردى زانستى باسى لە کار و ئەرکەکانیان لە تاقیگەکە بۆ فێرخوازان کرد بەتایبەت لە بواری مایکرۆبایۆلۆجی و چۆنیەتی ئامادەکردنی جۆرە جیاوازەکانی (Agar media)، لەگەڵ چۆنیەتی جیاکردنەوە یان دەستنیشانکردنی جۆرە جیاوازەکانی ماددە نەخۆشخوازەکانی بەکتریا، هەروەک ئاشناکردنیان بە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی تاقیگەی پزیشکی بەشێکى دیکەى سەردانە زانستیەکەى پێکهێنا.
ئەم سەردانە زانستیە دوپاتکردنەوەى پەیامە سەرەکییەکانی زانکۆی جیهان – هەولێرە، کە بریتیە لە ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگەى کارکردن لە نەخۆشخانە و تاقیگە پزیشکییە جیاوازەکان بۆ ئەوەی بتوانن لە دوای تەواوکردنی خوێندن بە ئاسانی هەلی کار بدۆزنەوە.