فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى دیزاینى ناوخۆیی کارگەیەکى دیزاینکردن و دروستکردنى کەلوپەلى ناوماڵ بەسەر دەکەنەوە
سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى دیزاینى ناوخۆیی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (١٠/١٦/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتى خاتوو مەیس نەسیر، سەردانێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى سێیەم بۆ کارگەیەکى دیزایینکردن و دروستکردنى مۆبیلیات ڕێکخست.
مامۆستایان و فێرخوازان لە کارگەی دروستکردنی مۆبیلیاتی مامۆ لە شارى هەولێر، لەلایەن ئەندازیار ئیبراهیم عودە، بەڕێوەبەری تاقیگەى کارگەکە پێشوازیان لێکرا، پاش بەخێرهێنانیان کورتەیەکى لەبارەى چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەرەستەکان، قۆناغەکانی بەرهەمهێنان، ئامێرەکانى پیشەسازی و کارکردن پێشکەش بە فێرخوازان کرد، ڕونیشیکردەوە جۆرەها کەرەستەی خاو لە دروستکردنی مۆبیلیاتدا بەکاردەهێنن، پاشان باسى لە قۆناغەکانى دیزاینکردن و شێوازەکانی لکاندن و جێگیرکردنی دار لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بە وردى بۆ فێرخوازان باسکرد.
هەر لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کارگەکەدا و، لە میانەى پرسیارى و گفتوگۆى نێوان مامۆستاى سەرپەرشتیار و لێپرسراوانى تاقیگەکە و فێرخوازان باس لە گرنگى دیزاینکردن و چۆنیەتى دیزاینکردنى کەلوپەل و پێداویستیەکانى ناو ماڵ لە کارگەکە کرا، کە بەپێى سەردەمەکان و خواستى بازاڕ گۆڕانکاریان بەسەردا دێ.