
مەشقی مەیدانیی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان لە قوتابخانەکان دەستپێکرد
- Categories بهشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان
- Date تشرینی یەکەم 18, 2026
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2026، فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، پرۆسەی مەشقی کرداریی مەیدانییان لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی شاری هەولێر بە چاودێریی سەرۆکایەتیی بەش و بەسەرپەرشتیی مامۆستایانی پسپۆڕی بەشەکە؛ دەست پێکرد.
بەڕێوەبوونی وانە کردارییەکان لە قوتابخانەکاندا
لە ڕێگەی ئەم مەشقە مەیدانییەوە، سەرجەم فێرخوازانی قۆناغی کۆتایی بەسەر ژمارەیەک قوتابخانەدا دابەش کران، کە تێیدا دەستەی کارگێڕیی قوتابخانەکان ژینگەی گونجاویان بۆ ڕەخساندون تاوەکو بەپێی خشتەی ئامادەکراو وانەی پەروەردەی جەستەیی بە قوتابییان بڵێنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، فێرخوازان لە ماوەى مانەوەیان لە قوتابخانەکان زانیارییە تیۆری و ڕاهێنانە وەرزشییانەی لە ماوەی ساڵانی خوێندنی زانکۆدا وەریانگرتبوو جێبەجێ دەکەن، ئەوەش بە مەبەستی بەهێزکردنی تواناکانی بەڕێوەبردنی پۆل و ڕێکخستنی چالاکییە وەرزشییەکان لە مەیدانی قوتابخانەکاندا.
ئەنجامی پرۆسەی مەشقی مەیدانی
ئەم پرۆسە پەروەردەیییە بەشێکە لە پرۆگرامەکانى خوێندنى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئامادەکردنی فێرخوازان بۆ چوونە ناو بازاڕی کار و پیشەی مامۆستایی، سەرباری بەهێزکردنی لێهاتووییەکانی پەیوەندیکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی شیاوی پیشەیییان پێش دەرچوونیان لە زانکۆ.



