
فێرخوازانی کۆلێژی دەرمانسازی چالاکیەکى تایبەت بە فریاگوزارى خێرا لە قوتابخانەی ژیاری ئامادەیی پێشکەش دەکەن
- Categories کۆلێژی دەرمانسازی
- Date تشرینی یەکەم 18, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 15/10/2026، فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی مەیدانییان بۆ قوتابخانەی ژیاری ئامادەییی ئەهلی ئەنجام دا بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێکی هۆشیاریی تەندروستی.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی هاوکاری تاقیگە ئایە قەیسەر ئیبراهیم بەڕێوەچوو، لە کاتی گەییشتنیاندا، فێرخوازان لەلایەن ئازاد ئەحمەد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
ناساندنی زانکۆ و بڕگەکانی سیمینارەکە
لە سەرەتای سیمینارەکەدا، فێرخواز محەمەد سوار ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە زانکۆی جیهان-هەولێر و کۆلێژی دەرمانسازی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەک بە خستنەڕووی بەرنامە ئەکادیمییەکان و ڕۆڵی کۆلێژەکە لە پێگەیاندنی کادێری تەندروستیدا ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان دەستپێکرد.
پاکوخاوێنیی کەسی و چاودێریکردنی پێست
لە تەوەرێکی دیکەدا، فێرخواز مینا مەهدی، بە بەشداریی ئایە قەیسەر ئیبراهیم، بابەتێکیان دەربارەی پاکوخاوێنیی کەسی و زیپکەی دەموچاو (Acne) پێشکەش کرد، کە تێیدا ڕوونکردنەوەیان دا لەبارەی ڕێکارەکانی چاودێریکردنی دروستی پێست و، نەریتە ڕۆژانەیییەکان بۆ بەرگرتن لە نەخۆشییە باوەکانی پێست.
شیکردنەوەی بەهای ڤیتامینەکان
سەبارەت بە خۆراک، فێرخواز عومەر دلێر وانەیەکی فێرکاریی دەربارەی ڤیتامینەکان (Vitamins) پێشکەش کرد، بە شیکردنەوەی ڕۆڵی ئەم توخمانە لە جەستەی مرۆڤدا و گرنگیی بەدەستهێنانیان لە ڕێگەی سیستمی خۆراکیی هاوسەنگەوە.
ڕاهێنان لەسەر فریاگوزارى سەرەتایی
لە بڕگەیەکى دیکەى چالاکیەکەدا، هەردوو فێرخواز ئارین ئەیووب عارف و، ئاریز وەهید حسێن ڕاهێنانیەکیان لەسەر بنەما سەرەتاییەکانی فریاگوزارى سەرەتایی (First Aid) پێشکەش بە قوتابیان کرد، لەو چوارچێوەیەشدا بەشێوەیەکى پراکتیکى میکانزمەکانى ڕزگارکردنى هاوڵاتى لە دۆخى لەناکاویان بۆ قوتابیان شیکردەوە، بەتایبەت لە چۆنیەتى ڕزگارکردنی ژیان (CPR) و، مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە لەناکاواکاندا بۆ قوتابیانی قوتابخانەکە.
گفتوگۆ و کۆتاییهاتنی چالاکییەکە
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، دەرگای پرسیار و گفتوگۆ بۆ قوتابییان کرایەوە و وەڵامی تێبینییەکانیان درایەوە. پاشان فێرخوازانی بەشداربوو سوپاس و پێزانینی کۆلێژی دەرمانسازییان ئاڕاستەی ئازاد ئەحمەد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و، دەستەی مامۆستایان کرد بۆ پێشوازیی گەرم و هاوکارییان لە سەرکەوتنی چالاکییەکەدا.



