
فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی بەسەردانێکى زانستى نەخۆشخانەی پاکی بەسەردەکەنەوە
- Categories بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی
- Date تشرینی یەکەم 18, 2026
ڕۆژی سێ شەممە ڕێککەوتی 13/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ نەخۆشخانەی پاکی لە شاری هەولێر بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر ئەکرەم ڕوستەمینیا ئەنجام دا.
لە سەرەتای سەردانەکەدا، جوان ڕەشاد، پزیشک و بەڕێوەبەری تاقیگە لە نەخۆشخانەی پاکی بە گەرمی پێشوازی لە فێرخوازان کرد، پاشان ڕوونکردنەوەی وردی لەبارەی سیستمی کاری تاقیگەی پزیشکی لە نەخۆشخانەکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
لە درێژەی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی نموونە پزیشکییەکان (Blood and Fluid Sampling) بوون، بەتایبەتی قۆناغەکانی پرۆسێسکردنی سەرەتایی (Sample Processing) و ئامادەکردنیان بۆ شیکاریی کیمیایی.
هەروەها بەرچاوڕوونییان وەرگرت لەبارەی بەکارهێنانی ئامێری جیاکردنەوەی سەنتەرفیوژ (Centrifuge) و ئامێری شیکاریی کیمیایی خۆکار (Automated Clinical Chemistry Analyzer)، لەگەڵ بەدواداچوونی ڕێکارە ستانداردەکانی کارکردن (SOP) و جێبەجێکردنی سیستمی کۆنتڕۆڵی کوالێتی (Quality Control) بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی وردی تاقیگەیی.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان گفتوگۆ و سەرەنجەکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەری تاقیگە ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەبارەی ئاستەنگە تەکنیکییەکان لە شیکاریی نموونە پزیشکییەکان کرد.



