فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى شارستانى پڕۆژەى کاپیتاڵ تاوەرى هەولێر بەسەر دەکەنەوە
سەرۆکایەتى بەشى ئەندازیارى شارستانى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەمەبەستى ئاشناکردنى فێرخوازان بەچۆنیەتى جێبەجێکردنى پڕۆژەکان، گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازەکانى ڕێکخست.
لەو گەشتە زانستیەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٨/٩/٢٠٢١) ئەنجامیاندا، فێرخوازان سەردانى دروستکردنى پڕۆژەى کاپیتاڵ تاوەرى هەولێریان لەسەر ڕێگەى هەولێر-بەحرکە کرد.
دواى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى پڕۆژەکە، بەڕێوەبەرى پڕۆژەکە بەوردى باسى قۆناغەکانى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەى بۆ فێرخوازەکان کرد هەر لە دروستکردنى بناغە و دانانى چوارچێوەکان و شیش و کۆنکرێتکردن..هتد، ڕونیشیکردەوە پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەرى (٢٦٠٠)مەتر دروست دەکرێت و لە (٣٨) نهۆم پێکهاتووە.
ئەو گەشتە زانستیە کە بەسەرپەرشتى (پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر نورى صادق عەلى) ئەنجامدرا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنایی چۆنیەتیکردنى پڕۆژەکان بوون، ئەوەش گرنگیەکى زۆر بۆ پراکتیزەکردنى ئەو وانانە هەیە، کە ڕۆژانە لە ناو هۆڵەکانى خوێندن و تاقیگەکان دەیخوێنن، بەشێوەیەک دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن، فێرخوازان باشتر ئاشناى جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنى پڕۆژەکان دەبن، هەربۆیە فێرخوازان بەبایەخەوە لەو گەشتە زانستیەیان دەڕوانى.