فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ جل و بەرگى جەژنیان بۆ کۆمەڵێک منداڵى بێ باوک دابین کرد
بۆ بەسەربردنى کاتێکى خۆش لە ڕۆژانى جەژن و، دڵخۆشکردنى منداڵان، فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکى مرۆیی خێرخوازییان بەڕێوەبرد.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٧/٤/٢٠٢٤) گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل و، بەهاوکارى دەزگاى خێرخوازى حاجى ئیدریس جل و بەرگى جەژنیان بۆ کۆمەڵێک منداڵى بێ باوک دابین کرد
لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازان لەگەڵ منداڵان و کەسوکاریان سەردانى مۆڵێکى شارى هەولێریان کرد و، تەواوى پێداویستیەکانى جل و بەرگى جەژنى پیرۆزى ڕەمەزانیان بۆ منداڵان دابینکرد، ئەوەش بووە جێى دڵخۆشى منداڵان، بۆ ئەوەش دایک و کەسوکارى منداڵە بێ باوکەکان سوپاسى فێرخوازان و خێرخوازانیان کرد.
ئەو چالاکیە جگە لەوەى بووە هۆى دڵخۆشکردنى منداڵان، لەهەمانکاتدا بووە هۆى بەرزکردنەوەی هەستی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لەنێو فێرخوازان و بردەوان بەکارى خۆبەخشى و خێرخوازى، کە ئەوەش بەشێک لە ستراتیژى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە ئەخوازێ لەپاڵ پەروەردەکردنى فێرخوازان بەزانست و زانیارى هەستى بەرپرسیاریەتى و خزمەتکردن بە چین و توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگە لەلاى فێرخوازان پەرە پێ بدات.