فێرخوازانى بەشى دارایی و بانک سەردانى بانکى متمانەى نێودەوڵەتى ئیسلامى دەکەن
بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بەچۆنیەتى ڕایکردنى کاروبارى بانک و پراکتیزەکردنى وانەکان، سەرۆکایەتى بەشى دارایى و بانگ لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکى مەیدانى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى بۆ بانکى متمانەى نێودەوڵەتى ئیسلامى ڕێکخست.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٩/٥/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى مامۆستا ئومێد ئیبراهیم حسین، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغى چوارەمى بەشى دارایى و بانک بەشە جیاکانى بانکى متمانەى نێودەوڵەتى ئیسلامیان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى بانکەکەدا، فێرخوازان دیدار و کۆبونەوەیان لەگەڵ لێپرسراوان و شارەزایان و (شەهناز محەمەد نور) بەڕێوەبەرى لقى هەولێرى بانکى متمانەى نێودەوڵەتى ئیسلامى کرد، لە میانەى دیدارێکدا بەڕێوەبەرى بانکەکە ئامۆژگارى فێرخوازانى کە چۆن بتوانن لە بەشێوەیەکى پڕۆفێشناڵانە لە بانکەکان کار بکەن، بۆ ئەوەش باسى لە گرنگى و بایەخدانیان بە بوارى ژمێریارى، دەستپاکى، شەفافیەت و پاراستنى سەرچاوەى ئەو دامەزراوەیەى کە کارى تێدا دەکات کرد، وتیشى هەموو ئەوانەى تایبەتمەندى سەرەکى کارمەندى بانکە و، پێویستە فێرخوازانیش لە ژیانى خوێندنیاندا پەرە بەو لایەنانەى خۆیان بدەن تا لە داهاتوودا بتوانن ببنە یەکێک لە فەرمانبەرانى بانکەکان.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، ئاشنایى وردەکارى کارى بەشەکان و چۆنیەتى ڕاپەڕاندنى کاروبارى بانک بوون، لەهەمانکاتدا دەرفەت بەسەرجەم فێرخوازان درا تا پرسیارەکانیان ئاراستەى لێپرسراوان و کارمەندانى بەشەکانى بانکەکە بکەن، پرسیارەکانیش تایبەت بوون بەژینگەى کارکردن و، چۆنیەتى بەدەستهێنانى دەرفەتى کارى گونجاو، ڕووبەڕووبونەوەى ئاستەنگەکان لە ژیانى ڕۆژانەى بانک، بەو هۆیەشەوە فێرخوازان بەگرنگیەوە لەو سەردانەیان ڕوانى و خۆشحاڵى خۆیان پیشاندا کە لە نزیکەوە ئەم سەردانەیان بۆ ڕەخساوە و ئاشناى کاروبارەکانى بانک بوون.
زانکۆى جیهان-هەولێر هەر لە ڕژى دامەزراندنیەوە بایەخێکى ئیجگار زۆر دەدات بەبەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار و، ئاشناکردنى فێرخوازان بەژینگەى کارکردنى داهاتوویان، بۆ ئەوەش ساڵانە بەشە جیاکانى زانکۆ چەندین سەردانى لەو شێوەیە بۆ فێرخوازانى دەڕەخسێنى.