فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن ئەرشیف و کتێبخانەى مومتاز حەیدەرى بەسەردەکەنەوە
لە بەردەوامى ڕێکخستنى چالاکیە زانستیەکانى سەرۆکایەتى بەشی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاکان بە بوارە جیاوازەکان، لە چوارچێوەى بابەتى (میدیاى کوردى) سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (هێمن ئەمین شوانى) گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ ئەرشیف و کتێبخانەى مومتاز حەیدەرى لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لەو گەشتە زانستیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٢/٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان بە ئەرشیف و کتێبخانەکە؛ مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان بەگەرمى لەلایەن نوسەر و ڕۆژنامەنووس مومتاز حەیدەرى پێشوازیان لێکرا و، دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان وتى: مایەى خۆشحاڵى زۆرمە کە بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک یەکەم ناوەندى زانستى سەردانى ئەرشیف و کتێبخانەکەمان دەکەن، هیواشى خواست سەردانەکە بەرهەمدار بێت بۆ فێرخوازان و نەوەى ئایندە.
پاشان مومتاز حەیدەرى هاوەڵى مامۆستا و فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى ئەرشیف و کتێبخانەکەى، کە هەزاران سەرچاوەى زانستى و ڕۆژنامەوانى و بەڵگەنامەیی و، مێژوویی، ئەدەبى، فەرهەنگى، سیاسى، ئاینى و کۆمەڵایەتى و بوارە جیاوازەکانى دیکەى لەخۆگرتوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشە جیاوازەکانى ئەرشیف و کتێبخانەکەى بەوردى باسى لە هەریەک لەو بەشانە کرد و، ڕاگەیاند: ئەرشیف و کتێبخانەکە لەسەر دوو بنەما پۆلێن کراون، یەکەمیان لەسەر بنەماى نوسەران بەتایبەت ئەوانەى بەرهەمیان زۆرە شوێنى تایبەتیان بۆ دیاریکراوە، دوەمیشیان لەسەر بنەماى پسپۆڕى پۆلێن کراون.
نوسەر و ڕۆژنامەنوس مومتاز حەیدەرى لە بوارى میدیاى و ڕۆژنامەگەرى کوردى قسەى بۆ فێرخوازان کرد و وتى: ڕۆژنامەگەرى کوردى بە قۆناغێکى سەخت و دژوار تێپەڕ بووە و، دەیان نوسەر و شاعیر و ئەدیب بناغەى ئەو کاروانەیان دەیان و، شەونخونیان کرد و دەردەسەرى زۆریان بینى، بەڵام سەربارى چەوسانەوە و سانسۆر و فشار دروستکردن، بەڵام کۆڵیان نەداوە و، قۆناغ دواى قۆناغ برەویان بەو کاروانە دا تا گەیشت بە ئەمڕۆ، بۆ ئەو مەبەستەش بەکورتى باسى لە بەشێک لە ئەزمونى کارى ڕۆژنامەوانى خۆى بۆ فێرخوازان کرد و، داواشى لێکرد درێژەپێدەرى ئەو کاروانە ببن و باشتر بتوانن خزمەت بە بزوتنەوەى ڕۆژنامەگەرى کوردى و ئازادى کارى ڕۆژنامەوانى بکەن.
لە کۆتایدا، مامۆستاى یاریدەدەر (هێمن ئەمین شوانى) بەناوى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن و زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانینى پێشکەش بە مومتاز حەیدەرى کرد، کە دەرگاى ئەرشیف و کتێبخانەکەى بەڕووى فێرخوازان کردەوە و، کۆمەڵێک زانیارى گرنگ و بەسودى پێشکەش بە فێرخوازان کرد.