فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەشدارى لە خولێکى ڕاهێنانى کەناڵى ئاسمانى دیجلە دەکەن
لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕاهێنانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، بە مەبەستی پەرەپێدانی توانای میدیایی فێرخوازان لە بواری ئامادەکاری و پێشکەشکردنی تەلەڤزیۆنیدا، بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هاوکاری کەناڵی ئاسمانى دیجلە، خولێکى ڕاهێنانی میدیایی بۆ فێرخوازان بەڕێوەبرد.
لەو خولەدا، کە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ لە ڕێکەوتى (٢٩-٣١/١/٢٠٢٤) بەردەوام بوو، تیادا ڕاهێنەری ڕاگەیاندنکار و ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی تەلەفزیۆنی، دکتۆر ریاز العادلی بە شێوەیەکى پراکتیکى ڕاهێنانى بە ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغە جیاوازەکانى بەشى ڕاگەیاندن کرد.
خولەکە چەند بابەتێکی میدیایی لەخۆگرتبوو لەوانە چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخستن لە ڕێگەی خوێنەری ئۆتۆماتیکی و دەنگەکانی دەوروبەر، زمان و دەربڕینی دروست، ڕۆڵی پێشکەشکاری تەلەڤزیۆن (ناوەڕۆک، نمایش، دەرکەوتن)، شکاندنی بەربەستی ترس و لێهاتوویی وەستان لەبەردەم کامێرا، شارەزابوون لە دیالۆگ و بێلایەنی لە پێشکەشکردن، ڕزگاربوون لە گرژی، کۆنترۆڵکردنی زمانی جەستە و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشکەوتنەکان و پەیوەندی پێشکەشکاری بەرنامەکە لەگەڵ تیمی کار.
لەکۆتایی بەڕێوەچوونى خولەکەدا مامۆستاى یاریدەدەر عەبیر مەحمود سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن بڕوانامەى سوپاس و پێزانینی پێشکەش بە ڕۆژنامەنووس دکتۆر ڕیاز ئەلعادلی کرد بۆ بەشداریکردنی لە ڕاهێنانی فێرخوازان، لە بەرانبەر دکتۆر ریاز ئەلعادلى ئامادەیی کەناڵی دیجلەی دوپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون بە هاوکاری لەگەڵ بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر و پێگەیاندنى کادرى ڕاگەیاندنى کارا بۆ داهاتوو لەلایەک و، ڕەخساندنی هەلی کار بۆ فێرخوازان لە بوارى ڕاگەیاندن لەلایەکى دیکە.