فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەگەشتێکى زانستی سەردانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى دژى ئافرەتان و خێزان دەکەن
ڕۆژى سێشەممە رێکەوتی ٢٠٢٤.٢.٢٧ سەرۆکایەتى بەشی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بۆ بەسەرکردنەوەى بەرێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر ڕێکخست.
لەو گەشتە زانستیەدا، کە بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (دڵان اسماعیل) بەڕێوەچوو، فێرخوازان بەگەیشتنیان لەلایەن عقید سفین طاهر، بەرێوبەری گشتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان پێشوازی کران. لە میانەى وتەیەکدا بە گرنگیەوە باسى لە ڕۆڵى میدیاکان لە هۆشیاریکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگە کرد بۆ ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبار، کە ئەندامانى خێزان بتوانن بەئاسودەیی پێکەوە بژین.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، لەلایەن( پەیرەو ئەنوەر) کارمەندی بەشی سەنتەری راوێژکاری خێزانی باسى لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتژی خێزانی کرد و، پاشان کورتەیەکى لەبارەى بەڕێوەبەرایەتیەکەیان و مێژوى دامەزراندنى بۆ فێرخوازان باسکرد، وتیشى ئامانجی سەرەکی ئەم بەرێوبەرایەتیە رێگرتنە لە تێکچوونی شیرازەی خێزان.
بەسەرکردنەوەى ڕادیۆی دەنگی یەکسانی بەشێکى دیکەى سەردانەکەى فێرخوازان بوو لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر، بۆ ئەوەش سەرپەرشتیاری رادیۆی یەکسانی ڕونیکردەوە رادیۆی (دەنگی یەکسانی) بە هاوکاری رێکخراوی یونسێف و لەسەر شەپۆلی (١٠١٫٩)ـی FM، دەستی بە پەخش کردوە، وتیشى ئامانجی رادیۆکە گەیاندنى پەیامێکی رون و ئاشتەوایی خێزانیە، ئەوەش لە ڕێگەى باسکردنى یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەو یاسایانەی لەبەرژەوەندی ئافرەتانن، لەلایەن کەسانی شارەزا شیکردنەوەیان بۆ دەکرێت. دواتریش باسى لە هێلی گەرمی ١١٩ کرد، کە بۆ ژنان و ئافرەتانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، تا بتوانن بۆ هەر کێشە و گرفت و پێشێلکاریەک پەیوەندی بە ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بکەن.