فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەگەشتێکى زانستى تۆڕى میدیایی ڕووداویان بەسەرکردەوە
سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە کۆلێژی ئاداب و هونەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستی بۆ تۆڕى میدیایی ڕووداو لە شاری هەولێر بۆ فێرخوازانى بەشەکە ڕێکخست.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (21/2/2023) بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عومەر حەسەن فەهمی، فێرخوازانى قۆناغى یەکەم بەگەشتێکى زانستى گەیشتنە تۆڕى میدیایی ڕووداو و، لەلایەن محمەد خۆشناو بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کەناڵەکە پێشوازییان لێکرا، دواى بەخێرهێنانى مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان ئینجا کورتەیەکى لەبارەى تێڕوانینى گشتی دامەزراندنی کەناڵەکە و چالاکیی و دەستکەوتە میدیاییەکانی پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
پاشان فێرخوازان، سەردانى ستۆدیۆی تۆمارکردنیان کرد و، لەگەڵ محمەد کوردى بەڕێوەبەری تەکنیکی کەناڵەکە، گفتوگۆیان کرد لەبارەى چۆنیەتى بەرێوەبردنی تەکنیکی ستۆدیۆ لە کەناڵەکە و، بەکارهێنانی کامێرا و گۆشەکانی فۆتۆگرافی بۆ وێنەگرتنی بوڵەتنێکی هەواڵی تایبەت و وێنەگرتنی میوانانی ستۆدیۆکە. هاوکات فێرخوازان لە ژورى هەواڵ لەگەڵ فەرمان ساڵح بەرپرسی بەشی هەواڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دیداریان ئەنجامدا و تیایدا هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی هەواڵ و چۆنیەتی هەڵبژاردنی هەواڵێکی گونجاو بۆ بڵاوکردنەوە بەوردى بۆ فێرخوازان باسکرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لە بەشی کۆکردنەوەی هەواڵ لەگەڵ بێستۆن نوری بەڕێوەبەری بەشەکە کۆبوونەوە، لەو کۆبونەوەیەشدا بەڕێوەبەرى بەشەکە ڕوونکردنەوەی پێویستى لەبارەى سروشتی کاری نێردراوان و پەیامنێری ڕۆژنامەوانی و، چۆنیەتی نووسین و پێشکەشکردنی هەواڵی تەلەفزیۆنی وڕادیۆى پێشکەش بەفێرخوازان کرد.
گەشتە زانستیەکە لەلایەن فێرخوازانەوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا، چونکە لە نزیکەوە ئاشنایى ژینگەى کارکردن لە دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن بون و، توانیان وەڵامى کۆمەڵێک پرسیارى تایبەت بەکارى میدیایی بەدەست بهێنن.