فێرخوازانى بەشی ئینگلیزی ڕاهێنان لەبارەى نووسینی توێژینەوەی زانستی دەکەن
ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتى (٢٥/٩/٢٠٢٢) سەرۆکایەتى بەشی زمانى ئینگلیزی لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى ڕاهێنانى پراکتیکی بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم ڕێکخست، کە تایبەت بوو بە چۆنیەتی نووسینی توێژینەوەی زانستی.
لەو خولى ڕاهێنانەدا، کە لە هۆڵى کتێبخانەى گشتى زانکۆ بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆری یاریدەدەر هودا یاسین بەڕێوەچوو، فێرخوازەکان دابەشى سەر چەند گروپێک کران، بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخوازان ئاشناى میکانیزمی گەڕان بەدوای زانیاری پێویست بۆ نووسینی توێژینەوە زانستییەکان کران.
پاشان، لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار بەوردى ڕاهێنانیان پێکرا لەبارەى چۆنیەتى سوود وەرگرتن لەو سەرچاوانەى دەیدۆزنەوە، پاشان باسى چۆنیەتى نوسین و ئاماژەکردن بەسەرچاوە لە توێژینەوەى زانستى کرد، وتیشى فێرخوازان لە قۆناغی سێیەم پیویستە لە ئێستاوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ساڵی داهاتوو تا بتوانن توێژینەوەى دەرچوون وەک بەشێک لە مەرجەکانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەسەرکەوتویی بنوسن.
ڕاهێنانەکە دەرفەتێکی گرنگی ڕەخساند بۆ ئاشناکردنی فێرخوازان بە ناوەڕۆک و پێکهاتەى کتێبخانەى زانکۆ، لەوانە کتێب و گۆڤاری زانستی و سەرچاوەی زانستی تۆکمەی تر کە فێرخوازان لە داهاتودا دەتوانن لە نووسینی توێژینەوەی زانستیدا پشتیان پێ ببەستن.