فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر؛ بەرێوەبەرایەتی تەکنەلۆجیای زانیاری لە بەرێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکان بەسەردەکەنەوە
سەرۆکایەتى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەردەوامە لە ڕێکخستنى چالاکى زانستى بۆ فێرخوازانى لە قۆناغە جیاکان، بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژى پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠٢٣) فیڕخوازانى قۆناغى دووەم بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆر یاریدەدەر دکتۆر لەیث ڕەزوقى سەردانى بەرێوەبەرایەتی تەکنەلۆجیای زانیاری (IT)یان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکان کرد، کە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووریە.
فێرخوازان لەلایەن کاروان دڵشاد ئیبراهیم بەڕێوەبەری بەشی تۆڕەکان پێشوازیان لێکرا، پاشان ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى بەڕێوەبەرایەتیەکەیان و، چۆنیەتی کارکردنی سیستمی بانکی ئەلیکترۆنی یەکگرتوو (ICBS)ى پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش باسى گرنگی سیستمەکە و چۆنیەتی پەیوەستکردن و پاراستنی ئاسایشی تۆڕ و زانیاری کرد.
فێرخوازانیش بەگرنگیەوە باسیان لە پێویستى ئەم جۆرە سەردانە زانستیانە کردەوە، چونکە بەهۆیەوە دەرفەتى باشیان بۆ دەڕخسێنى بۆ بەدەستهێنانی زانیاری بەنرخ سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە کەرتی بانکی و دامەزراوە داراییەکان، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە سوودێکی زۆر لەم ئەزموونە وەردەگرن لە پیشەی داهاتوویاندا.
مامۆستاى سەرپەرشتیار، سوپاس و پێزانینى سەرۆکایەتى بەشی زانستی کۆمپیوتەرى لە زانکۆی جیهان – هەولێر ئاراستەی ئەردەڵان ئازاد تەڵاح بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیەکە و سەرجەم ئەو کەسانە کرد، کە هاوکاربون لە ڕێکخستن و سەرخستنی ئەم سەردانە زانستییە.