فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی بەشدارییان لە کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە کرد
ڕۆژی چوارشەممە 19ی شوباتی 2024، کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە لە هۆڵى کۆبونەوەکانى (هۆتێل ڕادیسۆن) لە شارى هەولێر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و بە هاوکاری ڕێکخراوی ئاشتی ڕێکخرا.
لەو چوارچێوەیەشدا، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداریان لە کۆنفرانسەکەدا کرد، لە میانەى بەڕێوەچونى کۆنفرانسەکەدا چەندین بابەتى زانستى لەبارەى نەخۆشیەکانى شێرپەنجە لەلایەن پزیشکان و پسپۆڕانى بوارەکە پێشکەش کران، لەو بارەیەوە پسپۆڕانى بوارەکە بەوردى تیشکیان خستە سەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و شێوازەکانی چارەسەر و نیشانەکانی شێرپەنجە و چۆنیەتى خۆپاراستن، لەهەمانکاتدا ئاماژەیان بە ڕۆڵی گرنگى کۆمەڵگەی پزیشکی و کۆمپانیاکان کرد لە بەدیهێنانی پێشکەوتنەکانى چارەسەر لەم بوارەدا.
کۆنفرانسەکە بووە جێى سەرەنجى فێرخوازان و، ئاشنابوونى زیاتر بەلایەنە جیاکانى شێرپەنجە و هەوڵە زانستیەکان بۆ چارەسەرکردن و کۆنتڕۆڵکردنى نەخۆشیەکە.