فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس باس لە کاریگەری نیکۆتین لەسەر یادەوەری و ئەدای خوێندن بۆ قوتابیان دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٤٣/٣/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سیمینارێکی هۆشیارییان بەناونیشانى (کاریگەری نیکۆتین لەسەر بیرەوەری و خوێندن) لە ئامادەیی ڕزگاری کوڕان پێشکەش کرد.
فێرخوازان لەگەڵ گەیشتنیان لەلایەن شەماڵ محمد بەڕێوەبەری ئامادەیی بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان بە گرنیگەوە باسى لە هەوڵەکانى فێرخوازان کرد بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى، پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەش کرد و، تیایدا بەوردى باسیان لەوە کرد کە چۆن نیکۆتین کاریگەری لەسەر گەشەی مێشک دەبێت و، تەرکیز کەمدەکاتەوە و توانای ڕاگرتن و هاوسەنگى زانیاریییەکان لە میشک تێکدەدات، کە دواجار ئەوەش کێشە بۆ خوێندن و دابەزینی ئاستی خوێندن دروست دەکات. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیادا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر باسیان لە مەترسییەکانی پەیوەست بە جگەرەکێشان و ڤایپینگ و جۆرەکانی تری خواردنی نیکۆتین کرد و تیشکیان خستە سەر کاریگەری ئەم خووانە لەسەر ماوەی سەرنجدان و ئاستی فشار و کوالێتی خەو.
لە کۆتایشدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک ئامۆژگاری پراکتیکییان پێشکەش بە قوتابیان کرد، کە تایبەت بوون بە چۆنیەتی دوورکەوتنەوە لە ئالوودەبوون بە نیکۆتین و، باشترکردنی بارى دەروونی، ئەوەش لە ڕێگەی خۆراکی تەندروست و دورکەوتنەوە لەو بابەتانەى کە پڕن لە نیکۆتین وەک جگەر و ڤەیپ.