فێرخوازانى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى سەنتەری پزیشکی لوقمان الحکیم بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٨ی نیسانی ٢٠٢٤)، سەرۆکایەتى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکى زانستى بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەرینور سامی عومەر، بۆ فێرخوازانى قۆناغى یەکەم بەڕێوەبرد.
فێرخوازان لە میانەى گەشتە زانستیەکەیاندا؛ لە شارى هەولێر (سەنتەری پزیشکی لوقمان الحکیم)یان بەسەرکردەوە و، کاروان ئەحمەد پسپۆڕی تیشکدانەوە لە سەنتەرەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان ئاشناى تەکنیکەکانی سی تی سکان (CT scan) و ئامێری تیشکی ئێکس کران.
بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار و پسپۆڕانى سەنتەرەکە باس لە تەواوی پرۆسەی سی تی سکانکردن کرا، هەر لە چۆنیەتى ئامادەکردنى نەخۆش تا بنەماکانی وێنەگرتنی سی تی سکان، لەوانەش هەڵمژینی تیشکی ئێکس، کۆکردنەوەی زانیاری و تەکنیکەکانی بەرزکردنەوەی وێنە. سەرەڕای ئەوە بەدواداچوون بۆ بەکارهێنانی کلینیکی جۆراوجۆری وێنەگرتنی سی تی کرا. لە وێستگەى دوەمى سەردانەکەیاندا؛ فێرخوازان ئاشناى وردى چۆنیەتى هەڵسەنگاندنی ئاستى زامدارى نەخۆشەکان کران، تا دیاریکردنى وردەکارى ڕێنماییکردن بۆ نەشتەرگەری.
بەشێوەیەکى گشتى فێرخوازان لە ڕێگەی ئەم گەشتە زانستیەوە توانیان کارامەیی پراکتیکی بەدەست دەهێنن، بەتایبەت لە وردەکارییەکانى بەکارهێنانى تەکنەلۆژیای سی تی سکان بۆ پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی و دەرئەنجامى باشتر بۆ نەخۆشەکان.