فێرخوازانى تەکنیکى وێنەگرتنی تیشکی سەردانی سەنتەرێکى پزیشکى لە شاری هەولێر دەکەن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (27ی ئازاری 2024) سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغى دووەم بۆ سەنتەری (ملاك الرحمة) لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لەو سەردانە زانستیەدا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر عەبدولعەلیم عەلیم بەڕێوەچوو، بەگەرمى لەلایەن دکتۆر محمد ئەلروبەیعی و کارمەندانى سەنتەرەکە پێشوازییان لێکرا، دواى بە خێرهێنانیان کورتەیەکى لەبارەى سەنتەرەکەیان بۆ فێرخوازان باسکرد، پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکان و، لە نزیکەوە ئاشناى کردن بە وێنەگرتن و ئامێرەکانى تیشک، بۆ ئەو مەبەستەش کورتەیەکى لەبارەی ئامێرەکانی وێنەگرتنی دیجیتاڵی (DR) پێشکەش کرد، لەگەڵ ئاماژەکردن بە بنەما سەرەکییەکانی فۆتۆگرافی دیجیتاڵی، میکانیزمەکانی کارکردن و، پرۆسەکانی وەرگرتنی وێنە و پارامێتەرەکانی پرۆتۆکۆڵ، هاوکات فێرخوازانى لە گرنگی ڕێوشوێنی پاراستن لە تیشک و گرنگی جێگیرکردنی دروستی نەخۆش ئاگادار کردەوە.
دواتر فێرخوازان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نزیکەوە و بەشێوەکى کردارى ئاشناى تەواوی پرۆسەکە بوون لە ئامادەکاری نەخۆشەوە تا وەرگرتنی وێنە، لە کۆتاییدا فێرخوازان سوپاسى ئەو دەرفەتەیان کرد کە بەهۆیەوە ئاشناى ژینگەیەکى نوێى کارکردن بوون.