فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە زانکۆى وۆچ چالاکى زانستى لە بوارى کارگێڕى و مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى بەڕێوەدەبەن
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکانە، بەشدارى لە چالاکیە زانستیەکانى بەشەکانیان لە زانکۆکانى پۆڵندا، دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا هەروەها لعليا سمهر رافع لە بەشى (کارگێڕى کار)، کە زانکۆى وۆچ (University of Lodz) سەرقاڵى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندنە، بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆر یانوس ڕیشێل (Professor Janusz Reichel) چالاکییەکی لەبارەى ئیتیکى کارى بازرگانیدا ئەنجامدا. لە میانەى چالاکیەکەدا، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای ھاوشێوەی خۆیان پێدرابوو کە بەرپرسیار بوو لە بەرهەمهێنان، فرۆشتن، کڕین و پێدانی باج، بەهۆیەوە توانى توانایەکى ناوازەی لە درووستکردنی قازانج بۆ کۆمپانیاکەیان نیشان بدات، ئەوەش لە ئەنجامى تێگەیشتنیان لە بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی بازرگانی، ستراتیژییەکانی درووستکردنی قازانج، و تێڕوانینە پراکتیکییە جۆراوجۆرەکانی زۆر بەرزکردەوە.
هەر لە زانکۆى وۆچ سارا قەهار ئەحمەد فێرخواز لە (مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى) لە میانی پێشکەشکردنى سیمنارێکدا، کە بەسەرپەرشتى دکتۆر ئانا کریسلاک (Dr. Anna Krzeslak) باسى لە ئێپیجینێتیک و هۆکارەکانی شێوازی ژیان لە بواری مایکرۆبایۆلۆجیدا کرد، بۆ ئەو مەبەستەش ڕونکردنەوەى تەواوى کاریگەری هۆکارە ژینگەییەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤ پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش بەوردى باسى لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئێپیجینێتیک و هەڵبژاردنی جۆراوجۆری شێوازی ژیان کرد و تیشکیشى خستە سەر کاریگەرییە قووڵەکان لەسەر خۆشگوزەرانی مرۆڤ.