فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتنە زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان بۆ درێژەدان بە کۆرسێکى خوێندن
لە درێژەى کارە هاوبەشەکانى و بۆ ئاڵوگۆڕی زانستی و ڕاهێنان و، لەبەر ڕۆشنایی واژۆکردنى یاداشتنامەى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences )، گروپى دیکەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتنە پۆڵندا بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە.
ئەم ڕاوندەى فێرخوازان، کە ژمارەیان لە پێنچ (٥) فێرخواز پێکهاتووە، بریتین لە موجتەبا سەباح عبدالحسن لە بەشى (نیوتریشن و دایەتێتیکس) و پەیوەند پشتیوان پوشۆ لە بەشى (شیکاریی تاقیگەى پزیشکی) و سەلمان مەرهەم محەمەد لە بەشى (پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ) و، ئاریان عەدنان عەلى و هاجەر محەمەد عەلى لە بەشى (چارەسەرى سروشتى)، کە لەسەر بنەماى پێوەرە زانستیەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەک و، زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) لە چوارچێوەى ڕێکەوتنامەیەکى هاوبەشى نێوانیاندا کاندید کراون.
دواى گەیشتنیان بە پۆڵندا، ڕۆژى هەینى ڕێکەوتى (٥/١٠/٢٠٢٤) سەرۆکایەتى زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان لە هۆڵى کریستاڵى زانکۆکە، مەراسیمێکى بۆ پێشوازیکردن لە فێرخوازانى نێودەوڵەتى ڕێکخست و، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریش بەشداریان لە مەراسیمەکەدا کرد، کە تیایدا زانکۆکەیان لە ڕووى مێژوویی و پێکهاتەى زانستى و دەسکەوتە زانستیەکانى بە فێرخوازان ناساند، هەروەک باس لەو زانایانەى زانکۆکە کرا، کە توانیویانە خەڵاتى نۆبڵ بەدەست بهێنن، هاوکات مەراسیمەکە چەندین تەوەرى دیکەى جیایی لە خۆگرتبوو.
واش بڕیارە فێرخوازان لە ڕۆژانى داهاتوودا ڕاستەوخۆ دەست بەکۆرسى خوێندنەکانیان بەپێى پسپۆڕییەکانیان لە بەشە زانستیەکانى زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (SGGW) بکەن بەمەبەستى پەرەپێدان بەتوانا و لێهاتوویە زانستیەکانیان لە بوارەکانى شیکارى تاقیگەى پزیشکى، پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ و چارەسەرى سروشتى. تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندنى ئەو پێنچ فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا، بە دەسکەوتێکى زانستى گرنگ بۆ فێرخوازان و پەرەپێدان بە تواناکانیان دادەنرێت.