فێرخوازانى شیکارى کیمیایی پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکى خۆبەشى بەڕێوەدەبەن
لە چوارچێوەى کار و چالاکیە جیاکانى سەرۆکایەتى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥)، فێرخوازانى قۆناغى چوارەم دابەشى سەر چەند گروپێک کراون بۆ بەڕێوەبردنى چالاکى خۆبەشى و خزمەتکردنى کۆمەڵگە.
لەو چالاکیەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێلین جەودت بەڕێوەدەچێ، فێرخوازانى قۆناغى چوارەم کە ژمارەیان (١٧٨) فێرخوازە دابەشى سەر کۆمەڵە گروپێک کراون و، هەر گروپێک هەفتانە سەردانى نەخۆشخانەیەک دەکەن، لە میانەى سەردانەکەیانیاندا جگە لەوەى ڕاهێنان لە بوارى کەل و پەل و ئامێر و تاقیگە پزیشکیەکان دەکەن، لەهەمان کاتدا فێرخوازان سامپلی خوێن لە نەخۆشەکان وەردەگرن و بەبێ بەرانبەر پشکنین لە تاقیگە و بنکەی تەندرووستی و نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکان بۆ نەخۆشەکان ئەنجام دەدەن، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ چالاکى خۆبەخشى و خزمەتکردنى کۆمەڵگە و هۆشیارکردنەوەى تاکەکان لە بوارى تەندروستى.
ئەو چالاکیە بۆ ماوەى ساڵێک بەردەوام دەبێت و، هەفتانە لە نەخۆشخانەکان بەڕێوەدەچێت و، دواتریش لە زانکۆ تاوتوێى لایەنە جیاکان چالاکیەکان دەکرێ.