فێرخوازانى ڕاگەیاندن ئاشنای کاروبارەکانى پاڕلەمانى کوردستان لە بوارى ڕاگەیاندن دەکرێن
فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى گەشتێکى زانستیدا بۆ پاڕلەمانى کوردستان، ئاشناى کاروبارەکانى پاڕلەمان پەیوەست بەمیدیا و میدیاکاران دەکرێن.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٦/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (هێمن ئەمین شوانى)، فێرخوازانى قۆناخى دووەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەگەشتیکى زانستى دامەزراوەى پاڕلەمانى کوردستانیان بەسەرکردەوە.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پرۆتۆکۆلى پاڕلەمان پێشوازیان لێکرا، لە وێستگەى یەکەمى سەردانەکەیاندا سەردانى کتێبخانەى پاڕلەمانى کوردستانیان کرد، بۆ ئەو مەبەستە (محمد تاهیر) بەڕێوەبەرى کتێبخانە کورتە باسێکى لەبارەى کتێبخانەکەیان و ئەو سەرچاوانەى لە کتێبخانەکەیان بەردەست پێشکەش بەفێرخوازان کرد، ڕونیشیکردەوە دەرگاى کتێبخانەکەمان هەمیشە بەڕووى فێرخوازان کراوەیە بەتایبەت بۆ ئەو فێرخوازانەى کە ئەخوازان توێژینەوەى جیا لەبارەى کاروبارەکانى پاڕلەمان ئەنجام بدەن.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لە هۆڵى کۆبونەوەکانى پاڕلەمان لەلایەن دکتۆر سارا یونس لە پەیوەندییەکانى پاڕلەمان زانیارى پێویستیان پێشکەشکرا سەبارەت بەدانیشتنەکانى پاڕلەمان و دابەشبونى کورسیەکانى پاڕلەمان بەپێى فراکسیۆنەکان و، چۆنیەتى ڕوماڵکردنى کۆبونەوەکانى پاڕلەمان لەلایەن میدیاکاران و دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن.
لە هۆڵى پەناگیرى پاڕلەمانیش، تارق جەوهەر سارەمەمى ڕاوێژکارى پاڕلەمانى کوردستان بۆ کاروبارى ڕاگەیاندن بەدوردرێژى باسى لە هەنگاوەکانى پاڕلەمانى کوردستان کرد بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ میدیاکاران و دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن، لەو چوارچێوەیەشدا باسى لە هەموو ئەو یاسایانە کرد کە بەدرێژاى مێژوى پاڕلەمانى کوردستان دەرچووە بۆ خزمەتکردن بەڕۆژنامەنوسان و ڕێکخستنەوەى کاروبارى میدیاى لە کوردستان و، فراوانترکردنى پانتاى ئازادى، لەوانەش یاساى ڕۆژنامەونوسەکانى کوردستان و سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان و، یاساى مافى بەدەستهێنانى زانیارى و، یاساى ڕیکلام…وتیشى لە ئێستادا پڕۆژەى یاسایەکەمان لەبەردەست بۆ ڕێکخستنەوەى میدیاى ئەلیکترۆنى.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ڕاویژکارى پاڕلەمانى کوردستان بۆ کاروبارى ڕاگەیاندن، باسى لە ئەرکەکانى میدیا و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پاڕلەمان و پاڕلەمانتاران کرد، هەروەک باسى لەو ڕێوشوێن و خزمەتگوزارییە میدیانە کرد، کە لەلایەن پاڕلەمانى کوردستانەوە لە ئێستادا پێشکەش بەمیدیاکاران و کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بەتایبەت و خەڵکى بەگشتى دەکەن.
لە دوا وێستگەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر وێبسایتى پاڕلەمانى کوردستانیان بەسەرکردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژیار غازی بەرپرسى وێبسایتى پاڕلەمان کورتە باسێکى لەبارەى ئەرکەکانیان لە ویبسایتى پاڕلەمان و چۆنیەتى بەڕێوەبردنى ویبسایتى پاڕلەمان و، پێگەى پاڕلەمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ فێرخوازان باسکرد، وتیشى ئەرکى میدیاى ئێمە لە پاڕلەمان وەک کەناڵێکى پەیوەندى خزمەتکردن و ئاشناکردنى خەڵک بەو یاسایانەى کە لە پاڕلەمانى کوردستان پەسند دەکرێن، لەگەڵ گواستنەوە و ڕوماڵکردنى کاروبارى پاڕلەمان و پاڕلەمانتاران و لێژنەکانى پاڕلەمان و کۆبونەوەکانى پاڕلەمان.
فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندنى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشە جیاکان و کۆبونەوە لەگەڵ لێپرسراوان و ڕاوێژکارانى پاڕلەمان گفتوگۆیان لەبارەى چەندین ئەرکى میدیاى کرد لە پێناو ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبارتر بۆ گواستنەوە و ڕوماڵکردنى ڕوداو و بابەتەکان بەشێوەیەکى بابەتیانە.