فێرخوازانى کارگێڕی کار بەشدارى لە وۆرکشۆپێکی ڕێکخراوێکی بەریتانی دەکەن
ڕۆژی پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (1-12-2022) فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى ڕێکخراوی (IAM Inspiring Professionals)ی بەریتانی تایبەت بە ڕاهێنانی نێودەوڵەتی کرد.
لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە بۆ کۆمەڵێک فێرخوازى بەشی کارگێڕی کار لە قۆناغە جیاوازەکان، و بەچاودێرى دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکى بەشى کارگێڕى کار و، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر بوشرە عەلی ڕێکخرابوو. فێرخوازان بەشداریان لە وۆرکشۆپێکی تایبەتمەند بە ڕێکخراوەکە و کارەکانی لە بەریتانیا کرد، کە لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەکە و هەرێمى کوردستان کاردەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە بەشی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا، کە لەلایەن مارک براون بەڕێوەبەری پەروەردە و گەشەپێدان لە ڕێکخراوەکە پێشکەشکرا، تیایدا باسی لە مێژووی ڕێکخراوەکە و کارەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ڕاهێنان و گەشەپێدان لە ساڵی ١٩١٥ەوە لە بەریتانیا کرد، وتیشى پاشان خزمەتگوزارییەکانمان لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان بڵاوکردەوە، بۆ ئەوەش باسی لە پەرەپێدانی سیستم و ستانداردەکانی ER ( ژووری فریاکەوتن) کرد، کە وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی شانشینی بەریتانیا لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی بەتایبەتی لە کاتى کارکردن لە تاقیگە و دامەزراوە جیاکان و کۆمپانیاکان، ئاشکراشیکرد گرنگی کارەکانیان بۆ کوردستان خۆى لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری فریاگوزاری سەرەتایی بە ستانداردی نێودەوڵەتی و ڕاهێنان و پەرەپێدان لەخۆدەگرێ، لەگەڵ ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویست، ئەوە جگە لە خولی فریاگوزاری سەرەتایی و سەلامەتی لە شوێنی کارکردن.
لە بەشی دووەمی وۆرکشۆپەکەدا، کە لەلایەن میک دانات پێشکەشکرا، تیایدا باسی لە گرنگی جێبەجێکردنی سیستمی کوالیتی و ستانداردەکان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی پیشەیی کرد، وەک ISO و مۆدێلی EFQM، کە هێمای دامەزراوەی بەریتانییە بۆ پەرەپێدانی کوالیتی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک بنەمایەک بۆ گۆڕانکاری ڕێکخراوەیی لە کۆمپانیاکان و باشترکردنی ئەدای ڕێکخراوەکان ناسراوە و، لەلایەن زۆرێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وەک بی ئێم دەبلیو و بۆش جێبەجێ دەکرێت.
لە بەشی سێیەم و کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازان لە تاقیکردنەوەی ڕاهێنان دانران، کە بریتی بوو لە پشکنینی تواناکانی یادەوەری و زیرەکی و چڕی چاودێریکردنیان لە ڕێگەی ڕاهێنانێکی کردەیی، کە تێیدا فێرخوازان بەهاوکارى (مارک براون) و (میک دانات) بەشدارییان کرد و، لە ڕێگەیەوە ئاستى زیرەکی و لێهاتوویان دیاریکرا، ئەوەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک پرسیار ئەنجامدرا، کە بەهۆیانەوە ئاراستەى تاک لە هەر گروپێک لە فێرخوازان کرا و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.