فێرخوازانى کارگێڕی کار لە پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون لە دۆخى کار و بەبازاڕکردن دەپرسن
رۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتى (20 /10/2022( سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکی مەیدانى بۆ بەسەرکردنەوەى پرۆژەی نیشتەجێبوونى بۆلیڤار (BOULEVARD) لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری بوشرا عەلی بەڕێوەچوو، فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لەلایەن ئەندازیارانى سەرپەرشتیار ئاڤند یاسین و عەلی جەعفەر هاوەڵى کران بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى پرۆژەکە بەتایبەت شوێنەکانی بەرهەمهێنانی هەندێک کەرەستەی خاو لە ناو پڕۆژەکە، کە بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە دەرەوەی وڵات هاوردەى بکەن، ئەوەش بۆتە هۆى ڕەخساندنى دەرفەتى کار بۆ کۆمەڵێک کرێکار.
لە کۆتایدا، فێرخوازان بەشى بەبازاڕکردن و فڕۆشتنیان لە پرۆژەکەدا بەسەرکردەوە و، لە چۆنیەتى بەبازاڕکردن و ناساندنى باڵەخانە و شوقە و ڤێلاکانیان بەکڕیارانیان کۆڵیەوە، بەتایبەت خاڵى جیاکەرەوەى پڕۆژەکە لەگەڵ پڕۆژەکانى دیکە لە ڕووى کواڵیتى و خزمەتگوزارى و نرخ.