فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان لە زانکۆى جیهان-هەولێر هۆشیاری پاراستنى تەندروستی دەم و ددان بڵاودەکەنەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکی ددان بە گەشتێکی زانستییان قوتابخانەی ساوێن-ى بنەڕەتی لە شارى هەولێر بەسەرکردنەوە و، چالاکیەکى هۆشیارى بۆ پاراستنى تەندروستى دەم و ددانیان ئەنجامدا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی هەریەک مامۆستایانى یاریدەدەر ساوێن تەحسین تەها، مریەم فاخیر ئیبراهیم و غفران موسلیم عەقیل ڕێکخرابوو ، بە گەیشتنیان لەلایەن مامۆستا سەمیرە تەها ڕەسول بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان دەستیان بە چالاکیەکەیان کرد، کە بریتبوو لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و بەرەوپێشبردنی خووی تەندروست لە نێو منداڵاندا، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان وۆرکشۆپێکی ڕاهێنانی کردەیییان بۆ قوتابیانى قوتابخانەی ساوین بنەڕەتی سازکرد، کە تیایدا تیشکیان خرایە سەر فێرکردنی شێوازە دروستەکانی پاککردنەوەی ددان و گرنگیدان بە تەندروستی دەم و ددان، هەر لە میانی وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکی ددان ڕوونکردنەوەیەکی سادەیان سەبارەت بە گرنگی پاککردنەوەی بەردەوامی ددانەکان پێشکەش بە قوتابیان کرد، هەروەها باسیان لە خۆراک و کاریگەرى تەندروستی دەم و ددانەکان کرد، لەگەڵ ئاماژەکردن بە باشترین ڕێگەکان بۆ ڕاگرتنی پووک و ددانەکان بە بەهێزی و بەشێوەیەکى تەندروست. پاشان چوونە سەر لایەنی پراکتیکی، بە بەکارهێنانی مۆدێل و فڵچەی ددان بۆ ئەنجامدانی بەکارهێنانی ڕاستەوخۆ، یارمەتی قوتابیانیان دا بەڕێگەی دروستی فڵچە بەکار بهێنن.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازان نامیلکەی پەروەردەیی کە ڕێنمایی وردی تەندروستی دەم و ددانیان تێدابوو بەسەر قوتابیانى قوتابخانەکە دابەشیان کرد، لەگەڵ دیارییەکى ڕەمزی کە بریتبوون لە فڵچە و مەعجونی ددان، بە ئامانجی هاندانى قوتابیان بۆ پاککڕاگرتنى دەم ددانیان.