
فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان چالاکیەکى هۆشیاری تایبەت بە تەندروستی دەم و ددان لە قوتابخانەی شرێی بنەڕەتی ئەنجام دەدەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 15, 2026
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێککەوتى ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى پێنجەمى کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان–هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر مریەم فاخیر ئیبراهیم، سەردانى قوتابخانەی شری بنەڕەتیان لە بارزان کرد و، چالاکیەکى هۆشیاری تایبەت بە پاکوخاوێنی دەم و ددانیان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ئەنجامدا.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا حاجی محمد تاهیر حاجی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان دەستیان بە چالاکیەکەیان کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا ئالام ڕزگار حەسەن باسى لە گرنگی پاکوخاوێنی دەم و ددان کرد، بۆ ئەوەش بە وردى پاراستنی پاکوخاوێنی باشی دەم و ددان بۆ خۆپاراستن لە خراپبوونی ددان و نەخۆشیەکانی پووک ڕوونکردەوە، جەختی لەسەر چاودێریکردنی ڕۆژانەی ددان و خووی تەندروست و تەندروستی دەم و ددان کردەوە.
پاشان سروش داود میرخان باسى لە تەکنیکە دروستەکانی بەکارهێنانى فڵچەی ددان کرد، بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر گرنگی فڵچەکردن ددان ڕۆژانە دوو جار، بەکارهێنانی هەویری ددانی فلۆراید و، پاککردنەوەی هەموو ڕووی ددانەکان بە شێوەیەکی کاریگەر.
هەر لەو چوارچێوەی چالاکیەکەدا، شاخەوان ناثیر محەمەد باسى لە هۆکارە سەرەکییەکانی خراپبوونی ددان و کاریگەرییە زیانبەخشەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکر و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ پاراستنی ددانی منداڵ کرد.
لەلایەکى دیکەوە ئیسماعیل کەریم سێویک تیشکى خستە سەر پەیوەندی نێوان خووی خۆراکی و تەندروستی دەم و ددان، جەختی لەسەر سوودەکانی خۆراکی تەندروست و سنووردارکردنی خواردنی کەم و خواردنەوە شەکردارەکان کردەوە.
لە کۆتایی بەشى یەکەمى چالاکیەکەدا شاد حسێن محەمەد باسى لە گرنگی سەردانی بەردەوامی پزیشکی ددان، زوو دەستنیشانکردنی کێشەکانی ددان و، چاودێریکردنی خۆپارێزی ددان بۆ پاراستنی تەندروستی ددان و پووک کرد.
لە بەشى دووەمى چالاکیەکەیاندا فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان پشکنینی تەندروستی دەم و ددانیان بۆ منداڵانی قوتابخانە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر مریەم فاخیر ئیبراهیم ئەنجامدا. پشکنینەکان تایبەت بوون بە دەستنیشانکردنی پووکانەوەی ددان و کێشەکانی تری تەندروستی دەم و ددان بوون کە پێویستیان بە چارەسەری پیشەیی هەیە.



