فێرخوازانی بەشى ژمێریاری سەردانی بانکی ئەهلیی عێراقییان لە شارى هەولێر کرد
سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٥/١/٢٠٢٦)، گەشتێکی زانستی بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بۆ بانکی ئەهلیی عێراقی (National Bank of Iraq) ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی دکتۆر (ئیبراهیم حوسێن)، مامۆستا لە بەشی ژمێریاری زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو. لە سەرەتای گەیشتنیاندا، شاندی فێرخوازان لە لایەن (ڕۆبڵ ئیبراهیم) بەڕێوەبەری لق و خاتوو (بەیدائـ حوسام) یاریدەدەری بەڕێوەبەری لق بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە دیدارێکدا، نوێنەرانی بانکەکە تێڕوانینێکی گشتگیر و وردیان دەربارەی چالاکییە بانکییەکان، جۆرەکانی خزمەتگوزاری و ئەو بەرهەمە داراییانە پێشکەش کرد کە بانکەکە دەیانخاتە ڕوو. هەروەها تیشک خرایە سەر ئەو سیستمە ژمێریارییە پێشکەوتووانەی بۆ تۆمارکردنی مامەڵە داراییەکان و ڕێکارەکانی چاودێری و وردبینی (Internal Audit) بەکاردێن.
لە تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەدا، نوێنەرانی بانکەکە و ستافی پەیوەندیدار، ڕوونکردنەوەی وردیان دەربارەی ڕێکارەکانی کردنەوەی هەژماری جاری (Current Accounts) لە جۆرەکانی بازرگانی و کەسی و ئەو بەڵگەنامانەی بۆ ئەو مەبەستە پێویستن، پێشکەشى فێرخوازان کرد. هەروەها باسیان لە ڕێکارە یاسایی و داراییەکانی کردنەوەی “ئیعتیباراتی مەستەندی” (Letters of Credit) بۆ هاوردەکردنی کاڵا کرد و، جەختیشیان لەسەر جۆرەکانی قەرز، وەک قەرزی کڕینی ئۆتۆمبێل و شێوازی ژمێریاری و چاودێریکردنیان کردەوە. جگە لەمانە، زانیاری پێویست دەربارەی هەژماری منداڵان و چۆنیەتی بەڕێوەبردن و تۆمارکردنیان درا بە فێرخوازان.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، دکتۆر ئیبراهیم حوسێن سوپاس و پێزانیانی قووڵی ئاراستەی ئیدارەی بانکی ئەهلیی عێراقی کرد بۆ پێشوازی و هاوکارییان.






