فێرخوازانی بەشى یاسا سەردانی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێریان کرد
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٥/١/٢٠٢٦) سەرۆکایەتى بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم بۆ سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر ڕێکخست.
سەردانەکە گەڕانێکی بەرفراوانی لە ناو هۆڵ و بەشەکانی دادگا لەخۆگرتبوو، کە تێیدا فێرخوازان دادگاکانی (تێهەڵچوونەوە، بەرایی، نەوجەوانان) و دادگای کار و ژووری پارێزەرانیان بەسەرکردەوە. سەرەتا بە گیشتنیان لە لایەن پارێزەری ڕاوێژکار (هاوڕێ ڕەزا عەبدوڵڵا) پێشوازی لە شاندی فێرخوازان کرا، پاشان هاوەڵی فێرخوازانى کرد و، وێنەیەکی ڕوون دەربارەی ژینگەی یاسایی پێشکەشى فێرخوازان کرد. هەر لەو چوارچێوەیەدا، پارێزەر هاوڕێ ڕەزا وانەیەکی یاسایی بەپێزی دەربارەى کاروبارى دادگا پێشکەش کردن و تێیدا تیشکی خستە سەر نەخشەڕێگەی پیشەیی دەرچووانی یاسا؛ لە ڕێکارەکانی بوون بە ئەندام لە سەندیکای پارێزەران و پێوەرە پیشەییەکانەوە، تا دەگاتە کاروباری ڕێکاریی پەیوەست بە چۆنیەتی داڕشتن و تۆمارکردنی داوا یاساییەکان لەبەردەم دادگا تایبەتمەندەکاندا، هەروەها جیاوازییە بنەڕەتییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی بەرایی و کار و نەوجەوانانی بۆ ڕوون کردنەوە.
لە وێستگەیەکی گرنگی سەردانەکەدا، فێرخوازان دەرفەتێکی دەگمەنیان بۆ ڕەخسا تا ئامادەی دانیشتنێکی دادگاییکردنی ئاشکرا بن. لەوێدا لە نزیکەوە بینەری پرۆتۆکۆلە دادوەرییەکان، شێوازی پێشکەشکردنی بەرگری (مرافەعە) و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان لە لایەن دادوەر و میتۆدی دەرکردنی بڕیارە یاساییەکان بوون.
فێرخوازان بە پەرۆشییەوە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد و چەندین پرسیار و تێبینییان ئاراستەی ڕاوێژکاری یاسایی کرد سەبارەت بە ڕێکارە دادوەرییە ئاڵۆزەکان و بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوون بۆ ئەنجامدانی پیشەکەیان لە داهاتوودا.







