
فێرخوازانی بەشی زانستی کۆمپیوتەر هەڵمەتێکی خێرخوازی بۆ خانەی بەساڵاچووانی هەولێر بەڕێوەدەبەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 23, 2026
لە چەند ڕۆژى ڕابردودا فێرخواز و ستافی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی بەخشینیان بۆ کڕینی پێداویستییەکانی وەرزی زستان بۆ سودمەندانى خانەی بەساڵاچووانی هەولێر ڕێکخست.
پاش کۆکردنەوەى هاوکارییەکان ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی 21ی تشرینی دووەمی 2026 ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغەکانی دووەم، سێیەم و، چوارەمى بەشی زانستی کۆمپیوتەر بەسەرپەرشتى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆرە ڕیم جەعفەر ئیسماعیل و بەهاوڕێیەتى مامۆستای یاریدەدەر سارا جەمال حوسێن سەردانی خانەکى بەساڵاچوانى هەولێریان کرد.
بەگەیشتنیان لەلایەن سەنگەر جەمال عەبدولکەریم بەڕێوەبەری خانەکە، دلێر سدیق توێژەری کۆمەڵایەتی و، دیار ئەبوبەکر بەرپرسی فەرمانبەرانی خزمەتگوزاریی چاودێریی بەساڵاچووان پێشوازییەکى گەرمیان لێکرا.
پێشکەشکردنی پێداویستیی زستانە
لە میانەی سەردانەکەدا، شاندەکە ئەو پێداویستییانەیان پێشکەش بە بەساڵاچوان کرد، کە لە ڕێگەی کەمپینى بەخشینەکانەوە کڕدرابوون و، بریتی بوون لە جلوبەرگی زستانەی ژنانە و، پیاوانە.
بەسەربردنی کاتێکی دۆستانە لەگەڵ بەساڵاچووان
لە پەرازێزى سەردانەکەشیاندا ئەندامانی شاندەکە کاتێکیان لەگەڵ دانیشتووانی خانەکەدا بەسەر برد، هەروەها ژەمە خواردنێکی نیوەڕۆیان لەگەڵدا خواردن و، گوڵی سروشتییان بەسەردا دابەش کردن، هاوکات دیدارەکە چەندین بڕگەی گۆرانیگوتنی لەخۆ گرتبوو، کە کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و، خۆشیی بە سەردانەکە بەخشی.
جەختکردنەوەى لە بەردەوامى ئەو جۆرە سەردانانە
لە کۆتایی سەردانەکەدا، سەنگەر جەمال عەبدولکەریم بەڕێوەبەری خانەکە و، دلێر سدیق توێژەری کۆمەڵایەتی و، دیار ئەبوبەکر بەرپرسی فەرمانبەرانی خزمەتگوزاریی چاودێریی بەساڵاچووانەوە گفتوگۆی دۆستانە لەگەڵ ئەندامانی شاندەکە و، بەساڵاچوواندا ئەنجامدا و جەختیان لە پێویستى ئەو جۆرە سەردانانە کردەوە بۆ هاوکارى بەساڵاچوان لە ڕووى دەرونیەوە، بۆ ئەوەش ستافی زانکۆ سوپاسی بەڕێوەبەر و، کارمەندانی خانەکەیان کرد لە بەرامبەر پێشوازیی گەرمیان.



