
فێرخوازانی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە قوتابخانەی ئامەد چالاکیەکى هۆشیارى بەڕێوەدەبەن
- Categories بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی
- Date تشرینی یەکەم 18, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 14/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر هاوڕێ فاتیح سامی سەردانێکی مەیدانییان بۆ قوتابخانەی ئامەدی بنەڕەتیی تێکەڵاو ئەنجامدا.
دەستپێکی چالاکییەکە و پێشوازی لە شاندەکە
لە کاتی گەییشتنیاندا، شاندی فێرخوازان لەلایەن سالار محمد شیخانى، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەراتیی قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان، فێرخوازانی بەشەکە دەستیان بە ئەنجامدانی بڕگەکانی سیمینارەکە کرد.
پاکوخاوێنیی کەسی و شۆردنی دروستی دەستەکان
لە بڕگەی یەکەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز سەوا بەهرام بەهجەت لە قۆناغی چوارەم، بابەتێکی دەربارەی گرنگیی پاکوخاوێنیی کەسی (Personal Hygiene) پێشکەش کرد. بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر شێوازی دروستی شۆردنی دەستەکان بە ئاو و سابوون، بەتایبەتی پێش خواردن و دوای سەرئاو و، ڕۆڵی ئەم نەریتە لە پاراستنی تەندروستیی گشتیی منداڵاندا خستەڕوو.
خۆپاراستن لە میکرۆب و نەخۆشییە گوازراوەکان
لە تەوەرێکی دیکەدا، فێرخواز ڕەهیل محەممەد عەلی لە قۆناغی چوارەم، بابەتێکی دەربارەی ڕۆڵی پاکوخاوێنیی دەست لە بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی میکرۆبەکان (Microorganisms) و نەخۆشییە گوازراوەکان (Communicable Diseases) پێشکەش کرد، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی میکانزمەکانی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکان لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان.
ڕەفتارە تەندروستییە ڕۆژانەیییەکان لە قوتابخانەدا
لە درێژەی سیمینارەکەدا، فێرخواز بەرهەم سەعد عەبدولڕەحمان لە قۆناغی چوارەم، جەختی لەسەر گرنگیی ڕەفتارە تەندروستییە ڕۆژانەیییەکان کردەوە، بە شیکردنەوەی میکانزمەکانى پاراستنی تەندروستیی تاک و کۆمەڵگە و، کەمکردنەوەی گواستنەوەی نەخۆشییەکان لە ناو ژینگەی قوتابخانەدا.
کاریگەریی خەوى ڕێکخراو لەسەر تەندروستیی جەستە و مێشک
سەبارەت بە شێوازی ژیانی تەندروست، فێرخواز دالیا دزفول اسماعیل لە قۆناغی چوارەم، باسى گرنگى خەوتنی پێشوەخت و ڕێکخستنی کاتەکانی خەو (Sleep Schedule) کرد، بە شیکردنەوەی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی خەوی لە ڕێکخستن لەسەر گەشەی جەستەیی، تەندروستیی مێشک و، بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی قوتابییان لە وانەکاندا.
ئەنجامی سیمینارەکە و بەشی گفتوگۆ
سیمینارەکە بە دانیشتنێکی گفتوگۆیی کۆتایی هات، کە تێیدا قوتابیانی قوتابخانەکە پرسیار و سەرنجەکانیان ئاڕاستەی فێرخوازان کرد و وەڵامی تێبینییەکان درایەوە.
لە کۆتاییدا، سالار محمد شیخانى، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەراتیی قوتابخانەکە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی شاندی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاکییە پەروەردەیییە.
You may also like


