فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی بەشدارییان لە وۆرکشۆپێکی هۆشیاریی دەروونیدا کرد
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 08/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی لقى زمانی ئینگلیزی لە بەشی پەروەردەی گشتی، بە سەرپەرشتیی دکتۆرە ڕۆژان عەلی خدر، بەشدارییان لە وۆرکشۆپێکی هۆشیاری لەبارەی تەندروستیی دەروونی کرد.
لە وۆرکشۆپەدا، کە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەنتەری گەشەپێدانی گەنجان (Youth Hub Erbil) بەڕێوەچوو، هەریەک لە فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى (شیوەر ڕوشدی، شانۆ ڕوشدی، گەشبین غەفور، ژیلە حەسەن، مێردین شێرزاد، و ڕێناس ئیلیاس) بەشدارییان تێدا کرد.
وۆرکشۆپەکە چەندین بڕگەی بەسوودی لەخۆگرتبوو کە لەلایەن سێ پێشکەشکاری پسپۆڕەوە پێشکەشکران، تێیدا تیشکیان خستە سەر لایەنە گرنگەکانی تەندروستیی دەروونی، بەڕێوەبردنی فشارەکان، و بەهێزکردنی خۆڕاگریی دەروونی.
بۆ ئەوەش سەرەتا سۆزی ستار پەیوەندیی نێوان بیرکردنەوە، هەستەکان و، ڕەفتارەکان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی فشاردا شیکردەوە. هاوکات کاریگەرییە هزری و جەستەیییەکانی فشارەکانی ڕوون کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازیی سەرەکیی نێوان فشاری ئەرێنی (فشاری باش) و فشاری نەرێنی (فشاری خراپ)ی خستەڕوو.
دواتر داریاس دڵشاد ڕێنمایی پراکتیکی دەربارەی فریاگوزاریی سەرەتایی دەروونی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی پڕ لە فشاردا خستەڕوو. هەروەها تەکنیکەکانی ئارامبوونەوەی ناساند و ڕێگەی هەنگاو بە هەنگاوی نیشاندا بۆ ئەوەی فێرخوازان بتوانن لە کاتە سەختەکاندا کۆنترۆڵی دەروونیی خۆیان بەدەستبهێننەوە.
هەر لە وۆرکشۆپەکەدا دکتۆر زانا ئەحمەد قەساب بابەتێکى دەربارەی خودهۆشیاری، خۆشویستنی خود و، خۆڕاگریی دەروونی پێشکەشکرد و، جەختی لەسەر چەند پایەیەکی سەرەکی کردەوە بۆ گەشەی کەسایەتی، لەوانە بەڕێوەبردن و دەربڕینی هەستەکان بە شێوازێکی کارا، بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، قبوڵکردنی خود، وەرگرتنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بڕیار و کردارەکان، لەگەڵ چۆنیەتى سنوور دانانى تەندروست بۆ پاراستنی ئارامیی دەروونی.
وۆرکشۆپەکە ئامراز و ستراتیژیی بەسوودی بەخشییە فێرخوازانی بەشى پەروەردەى گشتى بۆ بەڕێوەبردنی فشارەکان، بەرزکردنەوەی خۆڕاگریی دەروونی و، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستیی دەروونی لە ژیانی ئەکادیمی و کەسییاندا.
