
فێرخوازانی بەشی چاودێرى چاو بینین سەنتەری ئەستەنبوڵ بۆ چاو بەسەردەکەنەوە
- Categories بەشی تەکنیکی چاودێری چاو و بینین
- Date تشرینی یەکەم 19, 2026
ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 18/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی چاودێرى چاو بینین لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر هاتاو نجم الدین سەردانێکی زانستییان بۆ سەنتەری ئەستەنبوڵ بۆ چاو لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
ڕاهێنان لەسەر ئامێرە پزیشکییەکان
لە سەرەتای سەردانەکەدا، هۆگر ئەحمەد، تەکنیککاری چاو لە سەنتەری ئەستەنبوڵ بە گەرمی پێشوازی لە فێرخوازان کرد و، پاشان هاوڕێیەتیی کردن و بەشێوەیەکى مەیدانی بەشەکانى سەنتەرەکەیان بەسەرکردەوە.
لە درێژەی سەردانەکەدا، فێرخوازان ڕاهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی ئامێرەکانی پێوەری هاوێنەی ئۆتۆماتیکی (Automatic Lensmeter) بۆ دیاریکردنی وردی قەبارەی هاوێنە پزیشکییەکان ئەنجامدا، سەرباری ڕاهێنان لەسەر ئامێری پێوەری شکانەوەی خۆکار (Autorefractor) کە بۆ پێوانی پلەی شکانەوەی چاو و دیاریکردنی سەرەتایی هەڵە شکانەوەییەکان (Refractive Errors) بەکاردێت.
فێرخوازان لە میانەى بەسەرکردنەوەو ئاشنابوون بە ئامێرەکان بە چاودێریی ڕاستەوخۆی هۆگر ئەحمەد بەدواداچوونیان بۆ هەنگاوەکانی کارپێکردنی ئامێرەکان و خوێندنەوەی ئەنجامەکانی سەر شەشەکان کرد.
گرنگیی ڕاهێنانی مەیدانی
لە کۆتایی سەردانەکەدا، گفتوگۆ لەنێوان فێرخوازان و تەکنیککاری چاو کرا؛ لە لایەن خۆیەوە، هوگر ئەحمەد، تەکنیککاری چاو جەختی لەسەر گرنگیی ئەم سەردانە زانستییانە کردەوە لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ فێرخوازان تا مامەڵە لەگەڵ ئامێرە ڕاستەقینەکانی ناو سەنتەرەکان بکەن و، ئامادەکاریی باشتر بۆ بازاڕی کار بکەن.



