
فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن باس لە شێوازە دروستەکانی خوێندن بۆ قوتابیانى قوتابخانەی ئاشتیی بنەڕەتی دەکەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 24, 2026
زانیارییە سەرەکییەکان: ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 21/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سیمینارێکی زانستییان بەناونیشانی «شێوازە دروستەکانی خوێندن» بۆ قوتابیانی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی لە قوتابخانەی ئاشتیی تێکەڵاوی بنەڕەتی ئەنجام دا.
چالاکیەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولوود بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیان لەلایەن شیلان عەزیز، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
ڕێکخستنی کات و کاریگەرەکانی تێگەیشتن: لە بڕگەی یەکەمی سیمینارەکەیاندا، فێرخواز دونیا سەعدی محۆ باسی لە گرنگیی خوێندن و ڕێکخستنی کات و دوورکەوتنەوە لە لەبەرکردنی ڕووت کردەوە.
پاشان، فێرخواز ڕۆنیا موحسین ئەیوب شیکردنەوەی بۆ شێوازە کاریگەرەکانی خوێندن وەک کورتەنووسین، دیاریکردنی خاڵە سەرەکییەکان (Key Points)، دووبارەکردنەوەی زانیاری و، چارەسەرکردنی ڕاهێنانەکان کرد.
بەدیهێنانی ژینگەی ئارام: لە تەوەری کۆتایی سمینارەکەدا، فێرخواز ڕۆزا شێروان حاجی تیشکی خستە سەر گرنگیی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ سەرنجدان (Focus) و پرسیارکردن لە کاتی تێنەگەیشتندا.
لە کۆتاییدا، شیلان عەزیز، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئاشتیی بنەڕەتی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی شاندی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد.



