
فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار سەردانێکی زانستییان بۆ کۆمپانیای کالە لە شاری هەولێر ئەنجامدا
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 26, 2026
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێککەوتی 25/11/2026، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان–هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ کۆمپانیای کالە لە شاری هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر ئەنجامدا.
سەرەتا، فێرخوازان لەلایەن کاک رفعت نشأت صادق، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن، و خاتوو جوانە صباح، بەڕێوەبەری بەشی سەرچاوە مرۆییەکان، بەگەرمی پێشوازییان لێکرا.
ئاشنابوون بە چالاکییە بازرگانییەکان وبەشە جیاوازەکانی کۆمپانیا:
لە میانەی سەردانەکەدا، رفعت نشأت صادق، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی رەوتی کار و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە پێشکەشی فێرخوازان کرد. هەروەها، ئاماژەی بە لقەکانی کۆمپانیاکە لە شارەکانی دهۆک، کەرکوک، مووسڵ وتکریت کرد و تیشکی خستە سەر بەشە جیاوازەکانی کۆمپانیا، وەک بەشی فرۆشتن، بازاڕگەری، ژمێریاری و کۆنترۆڵی کوالێتی.
هەروەها، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیاکە زیاتر لە ١٢٠٠ جۆر بەرهەمی جیاوازی هەیە، لەوانە ماست، قەیماغ، وپەنیر. لە هەمان کاتدا، ڕوونی کردەوە کە چالاکییەکانی فرۆشتنی کۆمپانیا تەنها سنووردار بە مارکێتەکان نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەگەڵ چێشتخانە وکافتریاکانیش مامەڵەی بازرگانی دەکات.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، خاتوو جوانە صباح، زانیاریی لەبارەی جۆری بەرهەمهێنان وسەرچاوەی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە پێشکەشی فێرخوازان کرد. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێک لە بەرهەمەکان لە عێراق بەرهەم دەهێنرێن وبەشێکی دیکەیان لە وڵاتانی ئێران و ڕووسیا بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام لە ژێر ناوی براندە جیاوازەکان وەک (ویلی، پمینا، لاکی جوس و سۆربۆ) دەخرێنە بازاڕ؛ کە هەموویان سەر بە کۆمپانیای کالەن.
لە کۆتاییدا:
لە کۆتاییدا، خاتوو جوانە صباح، هانی فێرخوازانی دا کە دوای تەواوکردنی خوێندن و دەرچوون لە زانکۆ، بتوانن CV ـەکانی خۆیان پێشکەشی ئەو بەشەی کۆمپانیا بکەن کە ئارەزووی کارکردنیان تێیدایە. هەروەها ئاماژەی بە قەبارەی کۆمپانیاکە کرد کە زیاتر لە ١٠,٠٠٠ کارمەندی لە شارە جیاوازەکانی عێراق هەیە.
You may also like


